ركابەریی نێوان یەكێتی و گۆڕان بەرانبەر پارتی توندتر دەبێتەوە

یەكگرتوو دەیەوێت لەپارێزگای دهۆك لەڕێگەی كۆمەڵی دادگەرییەوە كاندیدەكانی سەربخات بۆ پەرلەمان

3 ساڵ لەمەوپێش



پ. دهۆك

ئەم هەفتەیە بانگەشەی لایەنە كوردستانییەكان بەفەرمی دەستپێدەكات و ركابەری و ململانێكان لەهەرێمی كوردستاندا لەنێوان پارتی و هاوپەیمانێتییەكەی (یەكێتی، گۆڕان) توندتر دەبێتەوە بۆ بەدەستهێنانی كورسی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، عێراق دابەشكراوە بۆ 81 بازنەی هەڵبژاردن و بەشێك لەلایەنەكان هاوپەیمانێتییان راگەیاندووەو بەشێكی دیكەیان بەجیاو هەندێكیان پاڵپشتی كاندیدە سەربەخۆكان دەكەن.

هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتییەكیان راگەیاندووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كەبڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت و بڕیارە ئەو دوو لایەنە 9ی ئەیلول دەست بە بانگەشەی فەرمی بكەن و كاندیدەكانیان بناسێنن بەدەنگدەران.

لەپارێزگای دهۆك لەهەموو هەڵبژاردنەكانی رابردوو یەكگرتوو وەك یەكێك لەو لایەنانە هەژمار دەكرا كە ركابەری سەرەكییە بەرانبەر پارتی، بەڵام ئەمجارە هاوپەیمانێتییەكەی (یەكێتی، گۆڕان) هاوكێشەكەی گۆڕیوەو ركابەری و ململانێكانیان لەگەڵ پارتیدا دەبێت. 

موئید ئەحمەد، بەرپرسی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەدهۆك لەلێدوانێكدا بە وت:» ئێمە هاوپەیمانێتییەكمان لەگەڵ هەڤاڵانی یەكێتی ئەنجامداوەو پاپەندین پێوەی، لەسنوری پارێزگای دهۆك وەك بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كاندیدێكمان نیە، بەڵام ئێمە دەنگ بە كاندیدەكانی هاوپەیمانی دەدەین بەكاندیدی خۆمان دەزانین و بەهەموو شێوەیەك پشتگیری و پاڵپشتی سەركەوتنیان بۆ دەكەین».

 هاوپەیمانی دوو كاندیدی هەیە یەكێك لەبازنەی ئاكرێ، شێخان ، بەردەرەش و ئەوەی تر لەبازنەی سێمێل  لەزاخۆ.

بەرپرسەكەی بزوتنەوەی گۆڕان پێشیوابوو ئەمجارە لەسنوری پارێزگای دهۆك ركابەری زیاتر لەنێوان پارتی و هاوپەیمانی دەبێت، وتیشی:» پارتی دهۆك بەموڵكی خۆی دەزانێت، بەڵام ئەمجارە هاوپەیمانی (یەكێتی، گۆڕان) كە دوو هێزی سەرەكین لەهەرێمی كوردستان دەنگێكی زۆر بەدەستدەهێنین ، هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو دوو كاندیدە دەربچن».

هەروەها موئید ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد  لەهەڵبژاردنی 2018 هیچ كاندیدێكیان وەك بزوتنەوەی گۆڕان دەرنەچووە ، بەڵام  هەزارو یەك تێبینییان لەسەر ئەنجامەكان هەبووە، «دەنگی راستەقینەی هیچ هێزێكی سەرەكی نەبوو ئەوەش بەشاهیدی زۆرینەی ئەو لایەنانەی كەبەشدارییان كردبوو لەهەڵبژاردن ، هیوادارین ئەو ساختەكارییە دووبارە نەبێتەوە».

پارێزگای دهۆك دابەشی سێ بازنە كراوە كەپێكهاتوون لە(بازنەی دهۆك، ئامێدی/ بازنەی ئاكرێ، بەردەرەش ، شێخان/ بازنەی زاخۆ، سێمێل )

لەبەرانبەردا بەرپرسی راگەیاندنی لقی یەكی پارتی لەدهۆك دەڵێت گۆڕان و یەكێتی ناتوانن هاوكێشەكە لەپارێزگای دهۆك بگۆڕن.

مەسعود سەرنی، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لقی یەكی پارتی لەدهۆك لەلێدوانێكدا بە  وت:» لەسنوری پارێزگای دهۆك 11 كاندیدمان هەیە كە دابەشكراون بەسەر بازنەكاندا، بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەش هەموو هەوڵێك دەدەین هەر 11 كورسی پارێزگای دهۆك بەدەستبهێنین».

پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی 11ی ئەیلول دەست بە بانگەشەكانی دەكات بەفەرمی و كاندیدەكانی لەناوچە جیاجیاكان بەهاووڵاتیان دەناسێنێت.

مەسعور سەرنی باسی لەوەشكرد 11ی ئەیلول لەپارێزگای دهۆكەوە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیان دەستپێدەكات و هانی هاووڵاتیان دەدەن بچن بۆ دەنگدان، وتیشی:»راستە لەهەڵبژاردنەكانی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی ركابەری ئێمە بوو، بۆ ئەمجارەش گۆڕان و یەكێتی ناتوانن هاوكێشەكە بگۆڕن ، ئێمە هەر حزبی یەكەم دەمێنینەوە، ئەو خەڵكەی لەهەڵبژاردنی رابردوو دەنگی بەئێمە داوە ئەمجارەش دەنگمان هەر پێدەدەنەوە».

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپارێزگای دهۆك دوو كاندیدیان بەشێوەی سەربەخۆ كاندید كردووە.

سەعید عەلی عەبۆ، بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكگرتوو لەدهۆك لەلێدوانێكدا بە وت:» ئێمە دوو كاندیدمان هەیە كە بەشێوەی تاك خۆیان كاندید كردووە، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین ئەو دوو كاندیدەیە دەربچێنین ، ئامادەكارییەكی باشمان كردوو بۆ پشتگیریكردنی ئەوان».

بەرپرسەكەی یەكگرتوو ئەوەشی ئاشكرا كرد كە تائێستا لەدهۆك هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ هیچ  حزبێك نەكردووە، بەڵام» پێدەچێت تێشگەیشتنمان هەبێت لەگەڵ لایەنێك، بەڵام تائێستا هیچ شتێكی فەرمی نیە، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ بڕیاری سەركردایەتی یەكگرتوو بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە».

سەعید عەلی عەبۆ پێشیوابوو حزبەكەی لەپارێزگای دهۆك بە ركابەرو تاكە مونافسی پارتی ماوەتەوە» لەهەموو هەڵبژاردنێك ركابەری پارتی بووین، ئەمجارەش هەروا دەبێت، پشتیوان بەخواو ئەندام و لایەنگرانمان  هەردوو كاندیدەكەمان دەردەچن».

پێی بەدواداچوونەكانی ، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان چەند جارێك لەسەر ئاستی مەڵبەندو سەركردایەتی بادینانیان گفتوگۆیان لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی دەنگدەرانی كۆمەڵ دەنگ بەدوو كاندیدەكەی یەكگرتووی ئیسلامی بدەن، بەڵام هێشتا سەركردایەتی كۆمەڵ بڕیاری كۆتایی لەسەر نەداوە.

فەلاح مستەفا، بەرپرسی كۆمەڵی دادگەری دهۆك لەلێدوانێكدا بۆ ، ئەوەی ئاشكراكرد كە  لەسنوری پارێزگای دهۆك هیچ كاندیدێكیان نییەو  رێككەوتنیشیان لەگەڵ هیچ هێزو لایەنێك ئەنجامنەداوە، وتیشی:» ئەندامان و لایەنگرانی كۆمەڵی دادگەری لەسنوری پارێزگای دهۆك ئازادن لەوەی دەنگ بەهەر لایەنێك بدەن، نە بەئاشكرا و نە بەنهێنی هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ هیچ حزبێك نەكردووە».

 پێشتر ئێمە حەزمان دەكرد رێككەوتن لەگەڵ حزبێك بكەین، بەڵام مادەم لەهەولێرو سلێمانی ئەو رێككەوتنە دروست نەبوو با دهۆكیش وەكو ناوچەكانی دیكە بێت».

«ئەم سیستەمی هەڵبژاردنەی ئەمجارە كە بازنەی هەڵبژاردنەكان لە 18 بازنەوە بۆ 81 بازنە لەعێراقدا زیاد كراوە، بۆ بەشێك لەحزبەكان زۆر خراپ بووە كە بازنەكان زیاد كراوە، بۆیە كۆمەڵی دادگەری هیچ كاندیدێكی دانەنا لەپارێزگای دهۆكدا»، بەرپرسەكەی كۆمەڵی دادگەری وای وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار