هەڵبژاردنی پێشوەختە لەنێوان بایكۆت و بەشداریكردندا

بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیان بەرەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان فراوانتر دەكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

تادێت هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمانی عێراق نزیكتر دەبێتەوەو مشتومڕەكانی لەنێوان شەقام و سیاسییەكان دابەشكردووەو كاندیدەكان دەستیان كردووە بە بانگەشە لەبازنە دیاریكراوەكانیاندا.

لەڕووی بەشداریكردنەوە عێراق بووەتە دوو بەشی بەشدارو بایكۆت، چ لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەكان و چ لەسەر ئاستی دەنگدەران و پرسی ساختەكارییەكانیش گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بەرەیەك بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و هاوڕاكانیان كە دەڵێن ئەگەری ساختەكاری نییە، یاخود زۆر زۆر كەمە. بەرەیەكیش بەسەركردایەتی بایكۆتكەرەكان كە دەڵێن هیچ شتێك بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی 2018 دا نەگۆڕاوەو چەكی بەرەڵاو پارەی سیاسی و ساختەكارییەكان وەك خۆیانن و ئەم هەڵبژاردنەش هیچ گۆڕانكارییەك دروست ناكات.

بایكۆتی هەڵبژاردنی پێشوەختە:

وێڕای گەڕانەوەی موقتەدا سەدرو هاوپەیامانیی سائیرون، بەڵام هێشتا چەندین لایەنی دیكە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كردووەو هەندێكیان لەناوە دیارەكانی پرۆسەی سیاسی عێراقن، بەپێی دوا ئامارەكان ئەوانەی بایكۆتیان كردووە بریتین لە:

هاوپەیمانیی (المنبر العراقی) بەسەرۆكایەتیی ئەیاد عەلاوی سەرۆكوەزیرانی پێشوتری عێراق، كە لەئێستادا 19 كورسی پەرلەمانی هەیە.

حزبی شیوعی عێراقی. پارتی (التجمع الجمهوری) سوننە، پارتی گەلی توركمان. حزبی دەعوە (رێكخستنی ناوخۆ) شیعە، پارتی (المرحلە) شیعە. پارتی (ابناو النهرین) خۆیان وەك بەشێك لە خۆپیشاندەرانی تشرین دەناسێنن.

هەروەها پارتی (الشعب للاصلاح) بەسەرۆكایەتی فائق الشیخ علی كە پارتێكی مەدەنیە و بەشێكە لەهاوپەیمانیی (تمدن).

لەوانە گرنگتر، 40 پارت و بزوتنەوە كە لەهەناوی خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروستبوون و ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە یەكێك لەداواكارییە سەرەكییەكانی ئەوان بوو، لە كۆنگرەیەكدا پێكەوە لەبەرەیەكدا بە ناوی (بەرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی) كۆبوونەوە و بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنیاندا.

ئەوانە بەدەر لەدەیان كاندیدی سەربەخۆ لەبازنە جیاوازەكاندا، كە بڕیاریاندا هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیان هەڵپەسێرن و بەشداری نەكەن.

لەبەرامبەردا 41 هاوپەیمانی و 257 پارت و لایەنی سیاسی و چەند كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداری دەكەن.

هەروەها لەناو پارتە كوردییەكاندا، هەریەك لە بزوتنەوەی ئیسلامی، هاوپەیمانی نیشتمانی و چەندین لایەنی دیكە بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكەن.

فشارو ساختەكارییەكان:

هەموو ئەوانەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كردووە، چ لە هاوپەیمانی و لایەن و بزوتنەوە سیاسییەكان، یان هاووڵاتیانی ئاسایی كە دەڵێن دەنگ نادەن و بەشداری ناكەن، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كە شێوازەكانی ساختەكاری ئەگەر زیاتر نەبووبێتن ئەوا هیچیان لە ئەوانەی 2018 كەمتر نییە.

گەورەترین ئەو فشارو ساختەكارییانە خۆیان لەدوو شتدا دەبیننەوە، چەكی بەرەڵا و پارەی سیاسی.

چەكی بەرەڵا كە زیاتر مەبەست لێی بوونی میلیشیاو گروپە چەكدارییە سوننە و شیعەكانە كە پێیانوایە كۆنترۆڵی دۆخی عێراقیان كردووە.

لەناوچە شیعەكان، گروپەكانی سەر بەحەشدی شەعبی بەئاشكرا هەڕەشە لەچالاكوان كاندیدە سەربەخۆكان و ئەوانەشی سەر بەپارتە مەدەنی و بێ چەكەكانن دەكەن و رێگریی خۆكاندیدكردن و بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێدەكەن و زۆر جاریش لەژێر هەڕەشەدا كارتی دەنگدان لەهاووڵاتییانی ئاسایی دەسەنن تا دەنگەكانیان ببەن بۆ خۆیان.

لەناوچە سوننەكانیش، هەمان شت لەلایەن حەشدی عەشایەری و عەشیرەت و تیرە جیاوازاكانەوە دەكرێت، كە هەریەكەیان سەر بەیەكێك لەپارتە سوننییە باڵادەستەكانن.

هاوكات، 20 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكیاندایە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، سەبارەت بەو پێشێلكارییانەی حەشدی عەشایەری و عەشیرەتەكان دەیكەن، لەوەی چۆن فشار دەخەنەسەر ئەندامەكانیان تاكاندیدێكی دیاریكراو هەڵبژێرن و كارتی دەنگدانی خۆیان و خێزانەكانیان لێ زەوت دەكەن و پارەش لەموچەكانیان دەبڕن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەو كاندیدانە بەكاریبهێنن.

ئەوە بەدەر لەوەی هەردوولا (حەشدی شەعبی و عەشایەری) سەرچاوە حكومییەكانی بەردەستیان لەئۆتۆمبێل و فەرمانبەرو كەرەستەی ئەلكترۆنی و بودجەی تەرخانكراو بۆ حەشدەكان، لەهەڵمەتی كاندیدەكانیاندا بەكاردەهێنن و ئەو وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییانەی سەر بەگروپەكانیانن، سەرچاوە حكومییەكانی وەزارەت و فەرمانگەكانیان دەخەنە كار بۆ ئەو مەبەستە.

لەوبارەیەوە حەیدەر ئەلحلفی یەكێك لەڕێكخەرانی كۆنگرەی هێزە تشرینییەكان بە (النهار العربی) راگەیاند:»نەبوونی ژینگەیەكی ئاسایش و بڵاوبوونەوەی چەكی بەرەڵا كە تائێستا حكومەت نەیتوانیوە كۆیانبكاتەوە، وای لەو رەوتە سیاسییانە كرد كە لەهەناوی ناڕەزایەتییەكانی تشرینەوە هەڵقوڵابوون، بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بكەن و نایانەوێت بەشداریی سیستەمێكی گەندەڵ بكەن، بەڵكو ئامانجیانە بیگۆڕن».

هەروەها شێوازێكی تری ساختەكارییەكانی ئەمجارە لەناو چەكدارەكاندایە، چ لەڕیزی سوپا یان حەشدەكان، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی تایبەت كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەئێستادا زۆرینەی ئەوانەی لەهێزە سەربازییەكاندان بەتایبەتی لەپارێزگاكانی كەركوك و بەغدا، دوو كارتی دەنگدانیان بۆ كراوە، كارتێكیان وەك هاووڵاتی مەدەنی و كارتێكیان وەك ئەندامی هێزە سەربازییەكان كە بەشداریی دەنگدانی تایبەتی پێدەكات».

پارەی سیاسی كە چەندین ساڵە لەنێوەندە عێراقییەكاندا باسدەكرێت و بێهودە هەوڵی بنبڕكردنی دەدرێت، مەبەست لێی ئەو پارانەیە كەگروپ و پارتە سیاسییەكان لەڕێگای گەندەڵیی حكومی و گرێبەستە وەهمییەكان و فرۆشتنی نەوتی قاچاغ و قاچاغچییەتی خاڵە سنورییەكان و سەرانە وەرگرتن و بودجەی وەزارەت و حەشدەكان و ....هتد دەستیان دەكەوێت و بەملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەو پارت و گروپانە لەهەڵمەتەكاندا ئەو پارانە بەكاردەهێنن بۆ كڕینی خەڵك، سەورە خەلەفی پەرلەمانتاری عێراق بەمەوازین نیوزی راگەیاند:»لە ئێستادا پارەی بێشوومار دەبینین كە هەمووی پارەی حەرامە و كارتی دەنگدانی پێدەكڕن، نرخی كارتێك لە نێوان 200 بۆ 300 دۆلاردایە، ئەوەشی 300 دەنگ بۆ لایەنێك كۆبكاتەوە، ئۆتۆمبێلێكی بە دیاری دەدەنێ».

ئامار و وەڵامەكان:

رێژەی دەنگدان یەكێكی ترە لەو بابەتانەی دوو بەرەی لەسەر دروستبووە. ئەوانەی بەشداریدەكەن دەڵێن رێژەكە زۆر لە ساڵی 2018 زیاتر دەبێت و بایكۆتكەرانیش دەڵێن نەك زیاتر نابێت، بگرە لەوانەیە كەمتریش بێت.

لەوبارەیەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەوەڵامی داوایەكی ماڵپەڕی هەواڵیی (مگلع) دا ئاماری ژمارەی دەنگدەران و ژمارەی كارتی بایۆمەترییە دەركراوەكانی خستەڕوو.

هەروەها حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندیی جەماوەریی كۆمسیۆن لەلێدوانێكدا بۆ مگلع رایگەیاند:»كۆی گشتی ئەو دەنگدەرانەی دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەكانی تشرین بكەن، 25 ملیۆن دەنگدەر تێدەپەڕێنێت، بەكرداریی 17 ملیۆن كارتی بایۆمەتری دەنگدان چاپ كراوە و زیاتر لە 15 ملیۆنی بەسەر دەنگدەراندا دابەشكراوە»

سەبارەت بەپێشبینییەكانیش بۆ رێژەی دەنگدان، بەتایبەتی لەبوونی بایكۆتكەراندا كازم حاج شیكەرەوەی سیاسی عێراقی بەئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاند:»ئەوانەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كردووە بنكەیەكی جەماوەریی فراوانیان نییە، بۆیە كاریگەرییەكی ئەوتۆیان نابێت لەسەر پرۆسەكە و خۆشیان لەئەوە تێدەگەن».

هاوكات محەمەد ئەلغزی پەرلەمانتاری رەوتی سەدر لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی حوڕە رایگەیاند:»گەڕانەوەی رەوتی سەدر هانی دەنگدەران دەدات بۆ بەشداریكردن، ئێمە جەماوەرێكی زۆرمان هەیەو بەشداریكردن بەڕێژەیەكی زۆر دەبێت».

هەروەها پێشیوابوو ئەگەر رێژەی دەنگدان 5٪یش بێت ئەوا ئەنجامەكان ئەژمار دەكرێن، چونكە دەستوری عێراق رێژەیەكی دیاریكراوی دەنگدانی دیارینەكردووە تا پشتی پێ ببەسترێت لەئەژماركردن یان نەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا.

لەبەرامبەردا نەجم قەساب شیكەرەوەی سیاسی لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (الغد) ئەوەی خستەڕوو كە رێژەی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا لەوەی 2018 تێناپەڕێت، راشیگەیاند:»جەماوەری عێراقی باش دەزانێت ئەو لایەنە سیاسییە تەقلیدییانەی نوێنەركانیان كاندید كردووە بۆ پەرلەمان، هەمان ئەوانەن كە هۆكاری خراپبوونی دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنیی وڵاتن، بێگومان بەشدارنابن لەهەڵبژاردنێكدا كە هەمان ئەو رووخسارانە دووبارە ببنەوە».

«ئەوەی لەتشریندا روویدا مەزاج و هۆشیاریی سیاسیی عێراقییەكانی زۆر گۆڕی، بۆیە زۆر بەدووری دەزانم رێژەی دەنگدان بەرزبێت»، نەجم قەساب شیكەرەوەی سیاسی وا دەڵێت.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن ساڵی 2018 رێژەی بەشداریكرن 44.5٪ بوو، بەڵام هەندێك سەرچاوە رایانگەیاند رێژەكە 32٪ بووە و كۆمسیۆن زیادەڕۆیی لەژمارەكاندا كردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار