ئیسرائیل: دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم کێشەی هەموو جیهانە ئێمە دەیوەستێنین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند:" دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم نەک تەنها کێشەی ئیسرائیلە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە".

یایر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە هاوتا روسییەکەی رایگەیاندووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل دان بە پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە سووریادا دەنێت، "توانای خۆمان وەگەڕدەخەین تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەین".

لەمیانی سەردانێکیدا بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، یایر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە 09-09-2021 ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم بوەستێندرێت.

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، لاپید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتیشی، "دەستگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم نەک تەنها کێشەی ئیسرائیلە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێت، پێویستە جیهان ئێران لە گەیشتنی بە توانای دەستکەوتنی چەکی ئەتۆم بوەستێنێت، "خۆ ئەگەر جیهان ئەوە نەکات، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە شتێک بکات".

لاپید ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ سەقامگیری لە سووریا یان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی ناکرێت لە کاتێکدا ئێران بوونی لەوێ هەیە و تارانیشی بە "گەورەترین هەناردەی تیرۆر" ناوبرد.

ئەو وەزیرەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل بە بێدەنگی دانانیشێت، لە کاتێکدا "ئێران لەسەر سنووری باکوورمان بنکەی تیرۆر دروستدەکات یان کاتێک ئێران چەکی پێشکەوتوو دەبەخشێتە رێکخراوە تیرۆریستییەکان".

هەرچەندە لە قسەکانیدا، سێرگی لاڤرۆڤ باسی ئێرانی نەکرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ لاپید باسی بارودۆخی سووریایان کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار