کارەبای سلێمانی لەسەر دزینی تاوەرەكان رونكردنەوە دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" ماوەیەکە گروپێک هەڵدەستن بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە و مەترسی کەوتنی تاوەرەکان و بێ کارەبایی گەرمیان و سلێمانی هەیە".
لە راگەیەنراوێکدا سالار حسامەدین بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند:" کۆمەڵێك کەس لە سنوری ناوچەی سەنگاو هەستاون بە دزینی ئاسنی ئەو تاوەرانەی کارەبا بۆ سلێمانی و گەرمیان دەگوازنەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە:" زیانە ماددییەکانی ئەو کارە بە ٢٠٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنترێت و نیوەی سلێمانی و گەرمیان بێ کارەبا دەبن و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە توانراوە چەند کەسكێکیان لێ دەستگیربکرێت".
بەرێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی ئەوەى خستووەتەڕوو، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری زیاتر بکەن بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە و تاوانێکە بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان دەکرێت.
