سوپای پاسداران: فڕۆکەی بۆمبڕێژکراومان لە بۆردوومانی بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەكارهێناوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند:" لە بۆردوومانەکانی رۆژی پێنجشەممە بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ یەکەمجار کەڵکیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو و شەڕکەر وەرگرتووە".
سوپای پاسداران ڕایگەیاند:" لەو بۆردوومانەدا بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشداوە کە جگە لە بۆردوومانکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێشکەوتووترین سیستەمی تۆپخانەی ئێرانیش، کە بە تۆپخانەی زیرەک و خاڵپێک ناسراوە، بەکارهێنراوە".
رۆژی پێنجشەممە سوپای پاسداران بە چڕی ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان و چۆمانی باشووری کوردستانی بۆردوومانکرد. بۆردوومانەکان زیانی گیانیان نەبوو، بەڵام زیانیان بە دارستان و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی سوپای پاسداران، ئەو هێزە لە تویتەری خۆی ئایەتی 123ی سووڕەتی تەوبەی داناوە، کە ئایەتەکە داوا لە ئیمانداران دەکات هێرش بکەنە سەر کافرەکان. پێگەکانی ئەو سوپایە لە تیلیگرام ئاماژە بە هێزەکانی دژبەری ئەو وڵاتە دەکات، وەک ئامانجی ئایەتەکە.
هێرشەکانی رۆژی پێنجشەمەی سوپای پاسدرانان دوای ئەوە هات کە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەو هێزە و بەرپرسێکی باڵای سوپای قودس لە عێراق هەڕەشەی لێدانیان لەو گرووپانە کرد، کە بە وتەی ئەوان دەبنە هۆی نانەوەی پشێوی ئاسایشی لە ناوچە سنوورییەکانی ئیران.
حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران و بەرپرسی باڵای سوپای قودس، رۆژی 31ی مانگی رابردوو داوای لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، کە "رێگری بکەن لەو هەڕەشە"یە کە لە ناو خاکی عێراقەوە رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە.
دانایی فەڕ بە ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانی گوت: "دەوڵەتی عێراق لاوازی ئاسایشی خۆی وەک هۆکارێک ناودەبات بۆ رووبەڕوونەبوونەوەی ئەم گرووپانە. بۆیە ئەگەر عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بیانوویێک بۆ کۆنترۆڵنەکردنی بارودۆخەکە بیننەوە، ئێران بە مافی خۆی دەزانێت بۆ دابینکردنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی هەنگاوی کردەیی بنێت و کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت."
دوای هەڕەشەکانی دانایی فەر، بەرپرسی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ژەنەڕاڵ محەممەد پاکپوور داوای لە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بنکە و بارەگای هێزە دژبەرەکانی ئێران دووربکەونەوە.
