گۆڕان: هەر پارتی تاوانبار نییە لە دۆسییەی دەمکوتکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی بادینان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیەی دەستگیرکراوانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربووەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە، بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”.
ئەمڕۆ هەینی 10ى ئەیلول، یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، “هەر پەدەکە بەشدار و تاوانبار نییە لە دۆسێیی دەمکوتکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکانی بادینان، بەڵکو حزبە بەشداربوەکانی تری ناو ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە و هەمو ئەوانەی بەناوی چاکسازییەوە پۆستی بێدەسەڵاتیان لەناو حوکمڕانیی هەرێم هەیە بەشدارن لە بەردەوامیی ئەم دۆسییە دژە مرۆڤانەیە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وتوە، دوای زیاتر لە ساڵێك لە دەستگیركردنیان، هەندێك لە دەستگیركراوانی بادینان مانیان لە خواردن گرتوە وەك دژایەتییەك بۆ دۆخی دەستگیركردنیان و ئەو تۆمەتانەی بۆیان دروستكراون و هەروەها دواخستنی بەردەوامی دادگاییكردنیان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەكانیان.
جەختیشی كردۆتەوە كە بێدەنگی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوە مرۆییەكانی دیكە بەرامبەر بە پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان، كارێكی شەرمئاوەرو سەركۆنەكراوە.
