حکومەتی هەرێم: 54 کۆچبەرەکە لە سوریاوە گواسترانەوە توركیا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" پرۆسەی گەڕاندنەوەی 54 کۆچبەرەکە لە سووریاوە بۆ نێو تورکیا سەرکەوتووانە کۆتاییهات و لە نزیکترین کاتیشدا دەگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل.
ئەمڕۆ هەینی 10-9-2021 فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە سووریاوە سەرکەوتووانە کۆتاییهات".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی تەواوی ئەو دامەزراوانە دەکات کە هاوکاربوون و هاوئاهەنگییان لەگەڵ فەرمانگەکە کردووە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو 54 کۆچبەرە کە لە سووریا گیریان خواردبوو و دەڵێت، "فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەتی کۆماری تورکیا و باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە و کۆنسوڵخانەی عێراق لە غازی عەنتاب دەکات لە بەرامبەر کارئاسانیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و پشتڕاستکردنەوەی ناوەکان و لە ئەستۆگرتنی ئەرکی گواستنەوەی کۆچبەرەکان".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا ئەو 54 کۆچبەرە بگەنە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل و ستافی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش لە پێشوازییاندا دەبن.
