یانزەی سێپتەمبەر ڕۆژێکی ئاسایی نییە لای ئەمریکیەکان!

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

بیست ساڵ لەمەوبەر، دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگر خۆیان بە دوو تاوەرە 110 نهۆمییەکەدا کێشا و دوای یەک كاتژمێر و 42 خولەک، هەردووکیان بە تەواوی رووخان و 2 هەزار و 606 کەس گیانیان لەدەستدا.

نۆزدە چەکداری ئەلقاعیدە هێرشەکەی یازدەی سێپتەمبەریان ئەنجامدابوو دابەشبووبوون بەسەر چوار دەستەدا، لە هەر یەکێک لەو دەستانەدا بەلانی کەم یەکێکیان خولی فڕۆکەوانی بینیبوو، تا لە کاتی ڕفاندنی فڕۆکەکاندا بتوانێت کۆنترۆڵی ئاڕاستەی ڕۆیشتنی فڕۆکەکە بکات.

ئەو چەکدارانەی ئەلقاعیدە، پێشتر لە ئەمریکا بوون، سوودیان لە دەرفەتە کراوەکانی ناو ئەمەریکا بینی و ژمارەیەکیان وەک خۆئامادەکردن بۆ ئەو هێرشانە کە نزیکەی 3 هەزار کەسیان لەناو خاکی ئەمەریکادا کوشت، چووبوونە خولی تایبەتی فڕۆکەوانییەوە  وڕۆژی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001، چەکدارانی ئەلقاعیدە 4 فڕۆکە دەڕفێنن.

چەکدارەکان دوو فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە11 و گەشتی ژمارە 175دەدەن بە باڵەخانەکانی نێوەندی بازرگانی جیهانیدا لە شاری نیویۆرک و فڕۆکە ڕفێندراوەکەی گەشتی ژمارە 77 دەدەن بە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکادا "پەنتاگۆن" لە ناوچەی ئاڕلینگتۆن لە ستانی ڤێرجینیا، فڕۆکە ڕفێندراوەکەی چوارهەمیش ئەوەی گەشتی ژمارە 93، بەڕێوەدەبێت بەرەو واشنتۆنی پایتەخت، وەک دەگوترێت دەشێت ڕفێنەرە تێرۆریستەکان وەهایان دانابێت فڕۆکەکە بدەن بە باڵەخانەی کۆنگرێسدا یانیش بە کۆشکی سپیدا بەڵام سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە بەرەنگاری چەکدارەکان دەبنەوە و فڕۆکەکە لە ناو ستانی پەنسلڤانیا دەخەنە خوارێ و بەم کارەشیان ڕێگر دەبن لەوەی  پیلانی چوارهەمی خۆیان بپێکن.

یازدەی سێپتەمبەر ڕۆژێکی ئاسایی نییە لای ئەمریکییەکان و لە زۆر ڕەهەندەوە هاوشێوەی ڕووداوەکانی پێرڵ هاربەر سەیری دەکرێت کە ئەمریکای ڕاکێشایە ناو دووهەم شەڕی جیهانییەوە.

لە ساڵیادی رووداوەکە، ئەندامانی خێزانی بەشێکیان لەو شوێنە ئامادەدەبن و ناوی کەسوکارە کوژراوەکانیان بە دەنگی بەرز دەخوێننەوە.

بەشێکی ئەوانەی لە رێوڕەسمەکەدا بەشداردەبن، ئەوانەن کە لەکاتی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەردا منداڵ بوون یانیش هێشتا لەدایک نەببوون. ئەوان زیندوو هێشتنەوەی ئەو یادەوەرییە بە گرنگ بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەمریکا دەبینن.

ئەو رۆژە بەکۆی گشتی 2 هەزار و 997 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 25 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. رێکخراوی قاعیدە بەرپرسیاریەتی خۆی لەو هێرشانە راگەیاند و ئەمریکاش شەڕی دژی تیرۆری راگەیاند و هەمان ساڵ جەنگی ئەفغانستان و لە ساڵی 2003ـێش جەنگی عێراقی دەستپێکرد. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار