مەسعود بارزانی: پێمانخۆشە لەسەر بنەمای شەراکەت و هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا کار بکەین

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەسعود بارزانی ڕایگهیاند:" پێمانخۆشە لەسەر بنەمای شەراکەت و هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا کار بکەین و کاتی ئەوە هاتووە چارەسەری جدی کێشەکان بکرێت".
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمرۆ 11ی ئەیلوول لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندان لە هەولێر وتیشی، "دەبێت هەموولایەک بەخۆدا بچنەوە لەبری یەککتر شکاندن بیر لەوە بیکەینەوە کاری هاوبەش بکەین"، ئەو دەشڵێت، "پێمانخۆشە لەسەر بنەمای شەراکەت و هاوسەنگی لەگەڵ بەغدا کار بکەین و کاتی ئەوە هاتووە چارەسەری جدی کێشەکان بکرێت".
وتیشی، "تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگاکان هەبوو کە هیچ دادپەروەریی تێدا نەبوو و لەسەر هیچ بنەمایەکی راست نییە، چونکە سەرژمێری نەکراوە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و بۆ ئەوەی سەنگی پارتی بپارێزین بڕیارماندا بەشداریی هەڵبژاردن بکەین".
مەسعود بارزانی وتیشی، "ئێمە تەسلیمی هیچ ترس و تۆقاندنێک نابین، لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی لەسەر ئاستی عێراق بوو بە هێزی ژمارە یەک، ئەوەش پاداشتی گەلی کوردستان بووە بۆ پارتی لەسەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی" ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەوانەی دەیانەوێت مەرگی پارتی ببینن خۆیان ماندوونەکەن ئەو رۆژە نابینن".
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتیشتی، "دوژمن بەچەکێکی ترسناک شەڕمان لەگەڵ دەکەن، ئەویش ئەوەیە ئینتیمای نیشتیمان لەلای گەنج کەمکردۆتەوە".
مەسعود بارزانی، ئەوەشی وت، "کاتێک داعش بە ھەموو ھێزیی خۆیەوە ھێرشی بۆ سەر خاکی ھەرێم ھێنا، جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندی پێوە کردم، وتی، ئێوە دەتوانن مقاوەمە بکەن یان کونسڵخانەی خۆمان لە ھەرێم بکشێنینەوە، منیش پێم وت: "گەر ھاوکاریمان بکەن یان ئێمە بەرگریی دەکەین، ئەگەریش ھاوکارییمان بکەن کاری ئێمە ئاسانتر دەبێت".
