شادی نەوزاد پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ یەكێتیبونی خۆی ڕاگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی ڕایگهیاند:" شادی نەوزاد لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی یەکێتی و رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، بڕیاریداوە پەیوەندی بە یەکێتیەوەبکات و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی بەردەوام بێت
نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، پەرلەمانتار شادی نەوزاد لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی یەکێتی و رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، بڕیاریداوە پەیوەندی بە یەکێتیەوەبکات و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی بەردەوام بێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەکەی، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان کۆبۆتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمان ئامادەیبووە، پەرلەمانتار شادی نەوزاد روونیکردۆتەوە لەبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی یەکێتی و رێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی، بڕیاریداوە لەئەمڕۆوە پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بکات و لەچوارچێوەی فراکسیۆنی یەکێتی درێژە بەخزمەتەکانی بدات.
هاوکات لە راگەیەندراوەکە ئەوەش وتراوە، بافڵ تاڵەبانی بەخێرھاتنی پەرلەمانتار شادی نەوزاد بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتی کردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، یەکێتی ماڵی ھەموو ئازادیخواز و خەڵکێکە کە باوەڕی بە خەباتی مەدەنی، دیموکراسی و خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەیە، بۆیە پێشوازی لەم بڕیارە دروستە دەکەین.
ھاوسەرۆکی ئەوەشی وتووە، یەکێتی ھێزێکی بەرپرسیارە بەرامبەر ئەزموونی ھەرێم و گلەیی و داواکاری کۆمەڵانی خەڵک، بۆیە لە ناڕەزایەتییەکان راناکەین و دەیکەینە سەرمایەی کۆشش و ھەوڵی زیاتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان. لەهیچ کەسێکیشی قبوڵ ناکەین خەمسارد و کەمتەرخەم بێت بەرامبەر داواکارییە رەواکانی خەڵک.
