نوێنەری زیندانیانی بادینان بۆ هاوڵاتی: 72 دەستگیرکراو مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی دواخستنی دادگاییکردنیان، 72 دەستگیرکراوی بادینان لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاندوە و "ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە".
ئەمڕۆ شەممە 11ی ئەیلولی 2021 ئەیھان سەعید، نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"بەداخەوە دوای سزادانی ھەندێک چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان و دواخستنی دادگای بەشێکی زۆر زیندانیانی دیکە، بەرامبەر نادادی، پێنەدانی مافە یاساییەکانییان، ئەشکەنجەدانی سایکۆلجی و جەستەیی، 72 زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەریان راگەیاندوە".
نوێنەری کەسوکاری زیندانیانی بادینان ئەوەشی خستوەتەڕو، " سەرچاوەیەک لەنێو زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر پێیی راگەیاندین لە رێککەوتی 6ی ئەم مانگەوە 72 زیندانیانی بادینان کە پێکدێن لە (رۆژنامەنوس، چالاکوان، مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، نوسەر و مامۆستای زانکۆ) مانگرتنی سەرتاسەریان لە خواردن کردوە، ئێستا دۆخی بەشێکیان زۆر خراپە."
ئەیھان سەعید، دەڵێت، "داوا لە UN و پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەلاتی جێبەجێکار و دادوەری، نوێنەران وڵاتان لە ھەرێم و بەغدا، رێکخراوەکانی جیھانی مافی مرۆڤ دەکەین سەردانی زیندانیە بە ناحەق دەستگیرکراوەکانمان بکەن و فشار بکەن کە مافە یاساییەکانیان بۆ دابین بکەن".
داواکاری زیندانیانی بادینان پێکدێن لە:
یەکەم: رێگەپێدان بۆ بینینی خێزان و پارێزەرەکانیان کە بەپێ (اصول المحاكمات الجزائية) مافی ھەموو زیندانیێکە پارێزەری ھەبێت.
دووەم: گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان لە زیندانی ئاسایشی گشتی بۆ چاکسازی گەوران کە تەنیا چوار زیندانی گواستراونەوە سەرباری دەستخوشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی داواکارین ئەوانەی دیکەش بگوازرێنەوە، چونکە دوخیان لە ئاسایش زۆر خراپە و بەشێک لە زیندانیان زیاتر لە ٤٠ کیلۆ لە جەستەیان دابەزیون، ناکرێت ئاسایش سکالاکار بێت و زیندانیەکانیش لەژێر زیندانەکانی ئەواندابن.
سێیەم: دادگایی گشت راگیراوەکان دەستپێبکەن و یەکلایی بکرێنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە مەبەست دادگایی ناکرێن.
چوارەم: زیندانیەکان مەدەنین و ھیچ بەلگەیان لەسەر نیە بۆ ئەو تومەتانەی دەخرێنە پاڵ بویە پێویستە بەپێ یاسای ژمارە (35)ی رۆژنامەگەری کوردی، یاسای ژمارە (11)ی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت نەک یاسای 1ی ژمارە 21ی ساڵی 2003ی تێکدانی ئاسایشی ھەرێم.
جەتی لەوەكردەوە:" مانگرتنی کەسوکارەکانمان بەھۆی ئەو زوڵمەیە کە لە زیندان لەبەرامبەریان ئەنجامددەرێت، ئەرکی ھەموو لایەکە بەرامبەر ئەم پرۆسەیە نادیموکراسی و نایاساییەی بەرامبەر خەلکی نارازی بادینان بھێتە دەنگ و ھەوڵ بۆ ئازادکردنیان بدات، چونکە ئەوان بێ تاوانن و لەسەر بیرورای جیاواز دەستگیرکراون ئەمەش مەترسیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر دەکات.
