جەعفەر شێخ مستەفا: شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بووە بۆ گەلی کوردستان

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی نەتەوەی کورد لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بووە بۆ گەلی کوردستان، بۆیە بە هیواوە بۆ ئایندە دەڕوانرا و شۆڕشەکان دەبوون بە تەواوکەری یەکتری لە پێناو یەک ئامانج کە هێنانەدی خەونی گەلێک بوو".

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شۆڕشی 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961 شۆرشێک بوو دژی زوڵم و ستەم و نادادی بەرامبەر نەتەوەیەک، بۆیە ئەمڕۆ هەیە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانی گەلی کوردە و دەبێت "بەیەک دەنگی کاربکەین بۆ دەستکەوتی زیاتر لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم."

جەعفەر شێخ مستەفا لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە یادی 60 ساڵەی شۆڕشی ئەیلولدا کە شۆرشێک بوو دژی زوڵم و ستەم و نادادی بەرامبەر نەتەوەیەک، سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان. لە 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961دا شۆڕشی گەلێک هەڵگیرسا کە بووە وەرچەرخانێک لە مێژووی خەباتی سیاسیدا، بەرامبەر بە ڕژیمێک کە هەموو ماف و ئازادییەکانی لە نەتەوەیەکدا بەرتەسک کردبۆوە کە نەتەوەی کورد بوو، فاکتەری بە هێزی ئەو شۆرشە ئەوە بوو کە کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان بوو بەرامبەر بە ڕژێمی ئەوسای حوکمڕان."

باس لەوەشکراوە، شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی نەتەوەی کورد لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بووە بۆ گەلی کوردستان، بۆیە بە هیواوە بۆ ئایندە دەڕوانرا و شۆڕشەکان دەبوون بە تەواوکەری یەکتری لە پێناو یەک ئامانج کە هێنانەدی خەونی گەلێک بوو.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە و بە دەستهاتووە بۆ گەلەکەمان بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدان و ماندوو بوون و ئاوارەیی و ماڵ وێرانی هاتووە، با بیپارێزین لە ناحەزان و کار بکەین بە گیانی تەبایی و یەکڕیزی و یەکدەنگی بۆ دەستکەوتی زیاتر لە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار