هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: بە دوو درۆن هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند:" هێرشەکە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە".

ئەمڕۆ یەكشەممە، 12 ئەیلولی 2021، وەین مارۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر دەڵێت، هێرشەکە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەش، "یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێندراوەکان کەوتە نێو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنووری بنکەکەوە و هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە".

واین مارۆتۆ راشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، "سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات". هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.

درەنگانی شەوی شەممە هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، لەڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشەکە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەر لە هێرشەکان کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.  هێزێکی زۆری ئەمنیش لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.  

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت "هه‌ولێر ناهه‌ژێ و به‌هێزه‌، ئه‌وه‌ی خۆی له‌به‌رده‌م شکۆی هه‌ولێر تاقی بکاته‌وه‌، شکۆی ده‌شکێ."

پارێزگاری هەولێر لە ئەکاونتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پۆستێکی لەبارەی هێرشەکە کردووە و دەڵێت "سوپاس بۆ سه‌رجه‌م هێزه‌کان، ئه‌و جاره‌ش وه‌ک هه‌میشه‌، دووژمن و نه‌یار هه‌وڵه‌کانیان مایه‌ پووچ بوو."

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە "هه‌ولێر خاوه‌ن خودانه ‌و ئارامه‌ و هه‌ر ئارامیش ده‌بێت."دەشڵێت "چاوه‌ڕانی راگه‌یێندراوی دژه‌ تیرۆری کوردستان بن و ھەواڵی مایەپووچی دووژمنان رادەگەیێنن."

هاوكات دژە تیرۆری کوردستان نوێترین زانیارییەکانی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرشەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار