کۆنسوڵی نوێی بەریتانیا پشتیوانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیاندا، دەیڤد هەنت پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە 12ی ئەیلوولی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەیدا کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بە تایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێناندا، هەروەها "ستایشی هەوڵەکانمانی کرد لە ئەنجامدانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانیی شانشینی یەکگرتووشی بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە".
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
