ئیسلامییەكان؛ ئەمجارەش نەیانتوانی یەك لیست بن

كۆمەڵ و یەكگرتوو بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەن و دەیانەوێت لەچەند بازنەیەكدا هەماهەنگیی بكەن

3 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

بەرپرسانی كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە ئەگەر هەماهەنگی یەكتر بكەن لەو بازنانەی لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی دەتوانن هەردوولا قازانج بەیەكتر بگەیەنن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و دەشڵێن:» هەوڵ و گفتوگۆ هەیە».

بڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، عێراق دابەشكراوە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن و كێبڕكێ كەوتووەتە نێوان كاندیدی حزبەكانەوە.

هەریەك لە كۆمەڵی دادگەری كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن كە وەك دوو پارتی ئیسلامین تائێستا نەیانتوانیوە هەماهەنگی بكەن لەو بازنانەی كە لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی و چاوەڕێی بڕیاری باڵا دەكەن لەهەردوولاوە.

كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2018 دا، 91 هەزارو 961 دەنگی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و بووە خاوەنی دوو كورسی.

هەروەها یەكگرتوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2018 دا، 98 هەزارو 19 دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی دوو كورسی.

كۆمەڵی دادگەری كوردستان پێنج كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دیاری كردووە و یەكگرتووش شەش كاندیدی بەشێوەی سەربەخۆ هەیەو حزبەكە پاڵپشتیان دەكات، بەڵام تائێستا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانیاندا بوونی نییە.

لەپارێزگای دهۆك كۆمەڵی دادگەری كاندیدی نییەو لەهەڵبژاردنەكانی 2018ی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە پێنج هەزار دەنگی هەبوو، هەروەها یەكگرتوو لە ناوچەی پشدەرو بتوێن و دوكان چەند هەزار دەنگێكی هەیەو كاندیدی نییە.

چاودێرێكی سیاسی ئەوە دەخاتەڕوو كە كۆمەڵ و یەكگرتوو دەتوانن هەماهەنگی یەكتر بكەن و قازانج بە یەكتری بگەیەنن.

ئەبوبەكر كاروانی، چاودێری سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» دەبوو كۆمەڵ و یەكگرتوو بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیان بكردایەو هەماهەنگیان بكردایە لەدانانی كاندیدەكان لە بازنەكاندا ئەوكاتە كێبڕكێیان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دەبردە ئاستێكی زۆر بەرزتر».

ناوبراو وتیشی:»  ئێستاش دەتوانن لەو بازنانەی لایەنێكیان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی هەماهەنگی بكەن بەوەش قازانج بەهەردوولایان دەگەیەنێت بە بەدەستهێنانی دەنگ و مسۆگەركردنی كورسی كاندیدەكانیان».

كارگێڕێكی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت:» تا ئێستا گفتوگۆی فەرمی لەگەڵ كۆمەڵی دادگەری نەكراوە، بەڵام كات ماوە».

مستەفا عەبدوڵا، كارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» پێش دەستپێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن گفتوگۆ لەنێوان ئێمەو كۆمەڵ هەبوو، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام لەبەر هۆكاری جۆراوجۆر، ئێستاش هیچ گفتوگۆیەكی فەرمی نییە، بەڵام دەتوانین هەماهەنگی بكەین و قازانج بە یەكتری بگەیەنین».

بەرپرسەكەی یەكگرتوو وتیشی:»هەموو تەنسیق و هەماهەنگییەك لەنێوان ئێمەو كۆمەڵی دادگەری قازانج بە هەردوولا دەگەیەنێت بەتایبەت لەو بازنانەی لایەكمان كاندیدی هەیەو ئەوی دیكە نییەتی، كات لەبەردەماندا ماوە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین، ئەوەش بڕیاری سەركردایەتی هەردوولای دەوێت كە پێویستی بەموبادەرەكردنە».

هەرچەندە بزوتنەوەی ئیسلامی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2018دا لەگەڵا یەكگرتوو یەك لیستیان هەبوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەشداری نەكردووە، روون نەبووەتەوە كە پاڵپشتی چ لایەنێكی ئیسلامی دەكات.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە كاندیدانی كۆمەڵی دادگەری لەهەولێر دەڵێت:» گفتوگۆ لەنێوان ئێمەو یەكگرتوودا هەیە».

عەبدولستار مەجید لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئێستا ئەو هەوڵە هەیە لەنێوانماندا بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەین، بۆ نموونە یەكگرتوو لە پشدەر كاندیدی نییە ئێمە هەمانە، لە دهۆك كۆمەڵ كاندیدی نییە یەكگرتوو هەیەتی، دەكرێت ئەو هەماهەنگییە بكەین».

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هەماهەنگی كردن لەنێوان هەردوولا قازانجی زۆری دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر هەماهەنگی نەكەن هەردوولایان زەرەر دەكەن.

 

كاندیدەكانی یەكگرتوو بۆ پەرلەمانی عێراق

موسەنا ئەمین، كاندید لە لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، شارەزور، سەیدسادق، پێنجوێن) دەگرێتەوە،  دارا سێكانیانی كاندید لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( باكوری قەزای سلێمانی، ماوەت، شارباژێڕ) دەگرێتەوە.

هەروەها پەخشان شیان كاندید لەبازنەی (3)ی هەولێر كە (خۆرئاوای قەزای هەولێر) ، زوهێر خۆشناو كاندید لەبازنەی (4)ی هەولێر كە (خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە.

هاوكات جەمال كۆچەر كاندید لەبازنەی (1)ی دهۆك كە ( دهۆك ،  ئامێدی) دەگرێتەوە و  عومەر كۆچەر، كاندید لەبازنەی (2)ی دهۆك كە ( زاخۆ، سیمێل) دەگرێتەوە.

كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری بۆ پەرلەمانی عێراق:

ئەحمەد حاجی رەشید كاندید لەبازنەی (3)ی سلێمانی كە ( هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن و هەورامان) دەگرێتەوە، سۆران عومەر، كاندید لەبازنەی (4)ی سلێمانی كە ( رانیە، قەڵادزێ، دوكان) دەگرێتەوە.

هەروەها مرواری محەمەد، كاندید لەبازنەی (2)ی سلێمانی كە ( باشوری سلێمانی، عەربەت تا بەردەقارەمان، قەرەداغ) دەگرێتەوە،

هاوكات،  عەبدولستار مەجید كاندید لەبازنەی (4)ی هەولێر كە ( بەشی خۆرهەڵاتی قەزای هەولێر) دەگرێتەوە، قومریە محەمەد بەرزنجی كاندید لەبازنەی (3)ی هەولێر كە (خۆرئاوای قەزای هەولێر) دەگرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار