حکومەت لەبارەی سیمکارتی بێ‌ سەرەتا و کوالێتی ئارد كۆدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانە ئەنجام دەدات و لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و کوالێتی هاوردەکردنی ئارد بڕیاردەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-09-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانە ئەنجام دەدات و لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و کوالێتیی هاوردەکردنی ئارد گفتوگۆدەکرێت.

بەپێی راگەیێندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەبێت.

تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە لەبارەی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت کە بڕیارە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت. ئامادەکارییەکان بە ئاڕاستەی بانگەشەیەکی مەدەنییانەی ئارام و دوور لە پشێوی و یەکترشکاندن و ناوزڕاندن و رۆڵی سەربەخۆیی دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی دەخرێنەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەکرێت لەبارەی جێبەجێکردنی دوو بڕیاری تایبەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی سیمکارتی بێبەرایی و لیژنەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوالێتیی هاوردەکردنی ئارد لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە رووی خۆراکی و تەندروستییەوە.

هەروەها بڕیار لەسەر رەشنووسی پلانی نیشتمانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 دەدرێت کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە لایەن د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو. 

لە کۆتاییشدا رەشنووسی پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی رێگەوبان دەخرێتەڕوو کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان، دارایی و ئابووری و ناوخۆ ئامادەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار