حكومه‌ت پلانی نیشتمانی پەسندکرد

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لەكۆبونەوەی ئاساییی هەفتانەیدا ئەنجومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 پەسەندكرد و بڕیاریدا سیمكارتی بێ‌ سەرەتا و كوالێتی جۆری ئارد بەوردی كاری لەسەر بكرێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجامدا. 

پەسندکردنی پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ

لە کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021 - 2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران خرابووە ڕوو، بە کۆی دەنگ پەسند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.

سیمکارت و ئاردی هاوردەکراو

هەروەها لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان خستەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالێتی ئاردی هاوردەکردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەو بڕیارانە بەزوویی جێبەجێ بکرێن.

هەڵبژاردن

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێویستی زانی "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکترشکاندن بەڕێوەبچێت".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبڕکێیی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش، بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان. 

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی رۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان، بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن . 

سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ، رەشنووسی ( پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدانی ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان )ی خستەڕوو . رەشنووسەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە.

ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری رێگاوبان، بڕیاریدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ماوەی مانگێکدا ، پێداچوونەوەی زیاتر بە رەشنووسەکەدا بکەن لەڕووی قانونی و تەکنیکیی و داراییەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو تێبینی وسەرنجانەی خرانەڕوو، تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێت لە پاڵپشتیی وەزارەت لە گەشەپێدانی پرۆژەکانی رێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەریی لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەپێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر رۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری رێگاوبان، لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار