سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا كوردێك دەكاتە وەزیری پەروەردە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کوردێک بەناوی نەدیم زەهاوی، کردە وەزیری پەروەردە.
ئەمڕۆ، چوارشەممە 15ی ئەیلوول، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆریس جۆنسن گۆڕانکاری لە کابینەی حکومەتەکەیدا رادەگەیێنێت، ئەوەش بە ئامانجی "پێکهێنانی تیمێکی بەهێزی یەکگرتوو" بۆ قۆناغی دوای پەتای کۆرۆنا.
نەدیم زەهاوی، وەزیرە کوردەکەی بەریتانیا بۆ کاروباری ڤاکسین، لە شوێنی گاڤین ولیەمسن بووە وەزیری پەروەردە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە پیرۆزبایی لە نەدیم زەهاوی کردووە و نووسیویەتی: "ئەمشەو بە تەلەفۆن پیرۆزباییم لە هاوڕێم کاک نەدیم زەهاوی کرد بۆ دیاریکردنی وەکو وەزیری پەروەردەی بەریتانیا".
لە هەمانکاتدا، وەزیری پەروەدەی ئەو وڵاتە بەهۆی رێوشوێنەکانی داخستنی قوتابخانەکان، رێکخستنی ئەزموونەکان و چوونی قوتابیانی ئامادەیی بۆ زانکۆ رووبەڕووی رەخنە و گلەیی بووەتەوە سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەی وەزیرەكەی گۆڕی كوردێكی لە شوێنی دانا.
ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا بەهۆی ئاستی کارەکانیان لە ماوەی رابردوودا رەخنەیان لێگیراوە؛ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەندێکیان لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
هاوكات ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیا. بڕیاریشە 17ـی مانگ واتە رۆژی هەینی، لووتکەی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.
جۆنسن لە ساڵی 2019ـەوە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019دا لە بەرامبەر بەڵێنەکەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوونەدەرەوەی بەریتانیا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
