لوتكەی كۆبونەوەی وڵاتانی جیهان لەسەر دۆخی ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

ئەمڕۆ وڵاتانی جیهان و ئەندام لە وڵاتە هاوپەیمانێتیەكان لوتكەی كۆبونەوەیەكی گشتگیر لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان دەبەستن.

دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، رووسیا و چین دەیانەوێت رۆڵی سەرەکیی لە پاراستنی ئاسایشی ئاسیای نێوەڕاست بگێڕن و نەهێڵن گرووپە چەکدارەکان لە ئەفغانستانەوە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکانی ناوچەکە دروستبکەن. 

لە کاتێکدا کە پاکستان دەڵێت، لە دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان، گرووپە چەکدارەکان لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە جموجووڵ کردووە. 

موعید یوسف، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی پاکستان دەڵێت "ئێمە بە روونی گوتوومانە کە ئێمە ناتوانین هیچ کارێکی تیرۆریستی لە خاکی ئەفغانستانەوە قبووڵ بکەین و روونمانکردووەتەوە کە هیچ بەرژەوەندیێک لە رێگەپێدان بە روودانی ئەو شتە نییە. بۆیە ئێستا ئامانجمان ئەوەیە کە سنوور تووندوتۆڵبکەین و دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەو کەسانە وەکو رابردوو جموجوڵ بکەن."

رێکخراوی پێکەوەکارکردنی شەنگهای کە چین سەرکردایەتیی دەکات لەگەڵ رێکخراوی پەیماننامەی ئاساییشی هاوبەش کە رووسیا سەرکردایەتیی دەکات دەیانەوێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باس لە دۆخی ئەمنی، مرۆیی و ئابووریی ئەفغانستان بکەن.

هەرچەندە ئەفغانستان یەکێکە لەو چوار وڵاتانەی کە لە رێکخراوی پێکەوەکارکردنی شەنگهایدا رۆڵی چاودێر دەگێڕن، بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بانگهێشت نەکراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی تائێستا دان بە حکومەتی تاڵیباندا نانرێت. 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت "هیچ کەس نایەوێت پەلە لە دانپێدانان بە تاڵیباندا بکات. ئێمە هیچ مەرجێک بەسەر تاڵیباندا ناسەپێنین. ئەوان خۆیان ئامانجەکانی خۆیان داناون، لەنێویشیاندا پابەندبوون بەشەڕی دژی تیرۆر و بە قاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر."

فلیپۆ گراندی، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تاڵیبان سازش بۆ یەکدی بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و بارودۆخی مرۆیی ئەفغانستان پێکەوە کاربکەن. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت چوار ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیی بەپەلەیان بە خۆراک هەیە و ئەگەر یارمەتیی پێویست نەگەیێنرێتە ئەو وڵاتە، ئەوا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 97٪ـی ئەفغانییەکان دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار