نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی بەریتانیا كۆدەبێتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە ئێوارەخوانێكدا لەگەڵ ژمارەی لە پەرلەمانتاری بەریتانیا كۆبوتەوە و پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دۆخ و پێشهاته‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16 ئەیلولی 2021  پێگەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی یاوه‌ری له‌ له‌نده‌ن له‌ ئێواره‌خوانێكدا له‌گه‌ڵ گروپی په‌رله‌مانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایه‌تیی كوردستان كۆبوه‌وه‌.

بەپێی هەواڵی پێگەکە، له‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا نێچیرڤان بارزانی، پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی دۆخ و پێشهاته‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد، دید و بۆچوونی خۆی و هه‌رێمی كوردستانی بۆ چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان له‌پێناو پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا خسته‌ڕوو.

سه‌رۆكی هه‌رێم راشیگه‌یاندوه‌، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ فاكته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌مێنێته‌وه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌ دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات، هه‌روه‌ها سوپاسی پشتگیریی گروپی په‌رله‌مانتارانی بەریتانیای بۆ دۆستایه‌تیی كوردستان و حكومه‌تی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخ و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ گروپی په‌رله‌مانتارانی بەریتانیا بۆ دۆستایه‌تیی كوردستان بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار