توركیاو داعش دوو مەترسییە گەورەكەی سەر كەمپی مەخموور
لەكەمپی مەخمور بەهۆی بۆردومانی توركیا زیاتر لە 20 كەسی سڤیل شەهیدكراون و نزیكەی 30 كەسیش برینداركراون
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
رۆژانە فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بەسەر ئاسمانی كەمپی مەخموردا دەسوڕێنەوەو سەرەڕای مەترسییەكانی داعش كە هێرشیان كردووەتەسەر گوندەكانی دەوروبەری مەخموور، سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور دەڵێت:» ئێمە پێویستیمان بەپارویەكی ژیان نیە، تەنها دەمانەوێت شەرەف و كەرامەتی ئێمە پارێزراو بێت «.
كەمپی پەنابەرانی قەزای مەخموری باشوری خورهەڵاتی موسڵ ، لانیكەم 12 هەزار كوردی باكوری كوردستانی تێدا نیشتەجێیە، دوای ئەوە لەنەوەكانی سەدەی رابوردوو بەهۆی ئۆپراسیۆنەكانی توركیاوە ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشت، كەمپەكەش لەلایەن حكومەتی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان بەفەرمی تۆماركراوە.
یوسف ئەمین، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كەمپی مەخمور، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» مانگانە هیچ هاوكارییەك لەلایەن رێكخراوەكان و یوئێن و حكومەتی عیراق بۆ خەڵكی كەمپەكە دابەشناكرێت ئەمەش دۆخی خەڵك سەختكردووە ، ئەوەی ئیشێكی هەیە لەناو كەمپ یاخود لەدەرەوە بژێویی ژیانی خۆی پێ دابیندەكات».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە مەترسی چەكدارانی داعش لەسەر كەمپەكەو دەوروبەری هەیە، هەرچەندە لەدوای رزگاركردنی پارێزگای نەینەوا تائێستا هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر كەمپەكە بەڵام مەترسی ماوەو كۆتایی نەهاتووە، لەشەڕی دژی داعش شەش هاووڵاتی سڤیلی كەمپەكە شەهیدكراون و نزیكەی 12 كەسیش برینداربوون.
هەروەها یوسف ئەمین وتیشی:» دەزگا ئەمنیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو لیوایانەی لەسنوری قەزاكەن تاڕادەیەك دەمانپارێزن، بەڵام وەك پێویست نیەو توركیا چەندین جار بۆردومانی كەمپەكەی كردووە «
كارگێڕی كەمپەكە لەلایەن خەڵكەوە سەرپەرشتی دەكرێت و نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی كەمپەكە دەكەن كە لەساڵی 1998وە ئەو كەمپە دروستكراوە»هێشتا رەزگەزنامەی عێراقیمان وەرنەگرتووە، تەنها ئیقامەی نیشتەجێبوونمان هەیە، ئێمە بێبەشین لە هەموو جۆرە هاوكارییەك بۆیە داوا لە رێكخراوەكان و دەزگا پەیوەندیدارەكان دەكەین هاوكاری دانیشتوانی كەمپی مەخمور بكەن»، یوسف ئەمین وای وت.
سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور دەڵێت:» تائێستا حەوت جار شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی باكوری كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان گۆڕدراوە ، ئێمە پێویستیمان بەپارویەكی ژیان نیە، تەنها دەمانەوێت شەرەف و كەرامەتمان پارێزراو بێت».
بەدران پیرانی ، سەرۆكی شارەوانی كەمپی مەخمور لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكانی یوئێن ، خاچی سوری نێودەوڵەتی ، مانگانە ئەرزاقی وشك و چەند پێداویستیەكی تریان دابەشدەكرد، بەڵام دوای هاتنی داعش و كۆنتروڵكردنەوەی پارێزگای موسڵ لەدەست داعش كارگێڕی كەمپ نەماوە و بەغداو حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكان لەساڵی 2016 تائێستا هاوكارییەكانیان راگرتووە».
هاوكات، پیرانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ماوەی پێنج ساڵە هیچ هاوكارییەك بەسەر پەنابەرانی كەمپەكەدا دابەش نەكراوە.
بەدران پیرانی وتیشی :» رۆژانە داعش هێرش دەكاتەسەر گوندەكانی دەوروبەری مەخمورو چیای قەرەچۆغ ، پێش چەند رۆژێك بەهۆی هێرشێكی داعش بۆ سەر گوندێكی سنوری مەخمور چوار كەس لەسوپای عیراق كوژران و نزیكەی هەشت كەسیش برینداربوون، ئەمە ترسێكی گەورەی لای خەڵكی كەمپ دروستبووە كە لەناكاو داعش دووبارە هێرش بكاتەسەر كەمپی مەخمور، جگە لەمەش رۆژانە فرۆكەی بێفروكەوانی توركیا لەسەر ئەسمانی كەمپی مەخمور دەسوڕێنەوە».
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەفەرمی لە دووی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی تەرەتەی توركی رایگەیاند:» كەمپی مەخمور هاوشێوەی قەندیل جێی مەترسییە»، لەدوای ئەو قسانەی ئەردۆغانەوە، بەفرۆكەی بێ فرۆكەوان توركیا چەندین جار بۆردومانی كەمپەكەی كردووەو چەندین هاووڵاتی سڤیلی باكوری كوردستان كە لەو كەمپەدا نیشتەجێن بوونەتە قوربانی.
«بەرپرسیارێتی گیانی ئێمە لەئەستۆی بەغداو حكومەتی هەرێمە ، داوا لەیوئێن و وڵاتانی ئەوروپا دەكەین فشار لەسەر توركیا بكەن تاچیتر كەمپی مەخمور بۆردومان نەكات و خەڵك بەئاسایی و بەبێ ترس ژیانی خۆی بەڕێبكات « بەدران پیرانی وای وت.
بەرپرسێكی پارتی لەمەخمور" دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لەمەخمور نەماوەو لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە"
بەرپرسێكی پارتی لەمەخمور دەڵێت:» دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لەمەخمور نەماوەو لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدایە». عەبدوڵا تاهیر، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لەقەزای مەخمور لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەدوای 16ی ئوكتۆبەر قەزای مەخمورو دەوروبەری كەوتووەتە دەست هێزەكانی عێراقی و حەشدی شەعبی، دەسەتەڵاتی حكومەتی هەرێم لەو ناوچەیە نەماوە، ئێستا هیچ پەیوەندیمان بەكەمپی مەخمور نەماوە».
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد كە حكومەتی هەرێم پێشتر لەڕووی مرۆڤایەتی هاوكاری خەڵكی كەمپی مەخموری كردووە، وتیشی:»ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانەی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی باڵادەستن لەئەستوی حكومەتی عێراقە ، حكومەتی هەرێم و پارتی لێی بەرپرسیار نین».