بەڕێوەبەری کۆمسیۆن: لە سلێمانی 80%ی هاوڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند:" تائێستا 80%ی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دراوەتەوە هاوڵاتیان و 20%ی کارتی دەنگدانیش لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ماون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16 ئەیلولی 2021 ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەشکرد، بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی لیژنەی ئەمنی پارێزگا لەگەڵ نوسینگەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا پێداویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەماهەنگی زیاتری کۆمسیۆن لەگەڵ فەرمانگەکانی پەروەردە، کارەبا، تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان تاوتوێ کران.
ئامانج عەزیز ئەوەشی خستەڕو، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیاران دوای 24 کاتژمێر لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنرێت و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بەهەردو پرۆسەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەبێت.
ئەوەشی خستەڕو، تائێستا 80%ی کارتی دەنگدانی بایۆمەتری دراوەتەوە هاوڵاتیان و 20%ی کارتی دەنگدانیش لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ماون، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا کارتی بایۆمەتری وەربگرنەوە.
باسی لەوەشكرد، تائێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەدەچێت و هیچ سکاڵایەکی هاوڵاتیان، لایەنەکان و کاندیدەکان لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارنەکراوە.
