بیست گروپی چەكداری بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن

سەدر 95 و عامری 73 كاندیدیان هەیەو هەردوولایان خاوەنی گروپی چەكداری گەورەن

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

نزیكەی 300 كاندیدی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بەربژێری 20 گروپ و میلیشیای چەكدارین و لەبەرانبەردا كاندیدە سەربەخۆ مەدەنییەكان هەڕەشەیان لەسەرەو داوای كشانەوەیان لێدەكرێت.

بەپێی ماددەی 9ی دەستوری عێراق، هەر لایەنێك خاوەنی هێزو میلیشیای چەكداربێت، بۆی نییە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام ئەو ماددەیەی دەستور پێشێل كراوەو میلیشیا چەكدارەكان بە فەرمی سەدان كاندیدیان هەیە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەهەڵبژاردنەكانی 10ی تشرینی یەكەمدا سێ هەزارو 249  كاندید كێبڕكێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمان دەكەن كەنوێنەری 21 هاوپەیمانی و 109 پارتی سیاسین و دابەشبوون بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا.

رەوتە مەدەنییەكان و كاندیدە سەربەخۆكان بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لێیان دەكرێت و ئەو فشارانەی دەیخەنە سەریان بۆ كشانەوە لەزیادبووندایە.

موئەید ئەلجحێشی شارەزای ئەمنی و سیاسی عێراقی بەماڵپەڕی عەرەبی 21ی راگەیاند:»سیاسییە عێراقیەكان پابەند دەبن بەدەستورەوە و دواتر پێشێكلی دەكەن، چونكە ماددەی 9ی دەستور دەڵێت نابێت هیچ پارتێك كەگروپی چەكداری هەبێت بەشداریی هەڵبژاردن بكات، كەواتە بۆ لێپێچینەوە لەوانە ناكرێت؟ ئەوە پێشێلكارییەكی ئاشكرا نییە؟»

جحێشی روونیشیكردەوە كە لەسەدا 90%ی كاندیدی گروپەكان بە سیفەتی سەربەخۆبوون چوونەتە هەڵبژاردنەكانەوە، راشیگەیاند:» ئەو 300 كاندیدە چانسی زۆر گەورەیان هەیە، چونكە حەشدی شەعبی كۆنترۆڵی قەزاو ناحیەكانی چەند پارێزگایەكی كردووە، بەتایبەتی لەنەینەوا و بەدانیشتوانی چەند گوندێكیان وتووە كە دەبێت چەند كەسێكی دیاریكراو هەڵبژێرن و ئەگەر وا نەكەن ئەوا چارەنووسیان ئاوارەكردن دەبێت».

«بەلایەنی كەمەوە 75 كاندیدی میلیشیاكان كورسی بەدەستدەهێنن و هێزە مەدەنییەكان چانسێكی گەورەیان نییە لەهەڵبژاردنەكاندا، چونكە واقع دەڵێت دەسەڵات لای میلیشیاكانە و ئەوانیش هەڕەشە لەهەر كەسێك دەكەن لەگەڵ خۆیاندا نەبێت»، موئەید ئەلجحێشی شارەزای ئەمنی و سیاسی عێراقی وادەڵێت.

گروپە چەكدارییە بەشدارەكان و كاندیدەكانیان:

گروپەكانی هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری:

هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری بەرپرسی رێكخراوی بەدر، كە یەكێكە لەگەورەترین گروپە چەكدارەكانی ناو حەشدی شەعبی و 13 لیوای حەشد پێكدەهێنێت و چەكدارەكانی بەنزیكەی 24 هەزار كەس دادەنرێن، لەزۆرینەی پارێزگاكان بەشداری هەڵبژاردنەكانەو 73 كاندیدی هەیە.

هاوپەیمانێتییەكە شەش رەوت لەخۆدەگرێت دیارترینیان بریتییە لەڕەوتی سادقون كە باڵی سیاسی عەسائبی ئەهلی حەقە و قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، عەسائب دوو لیوای لەحەشددا هەیەو چەكدارەكانی بەنزیكەی 10 هەزار دەخەمڵێندرێن.

هەروەها گردبوونەوەی سەند بەسەرۆكایەتی پەرلەمانتار ئەحمەد ئەلئەسەدی بەرپرسی كەتائبی جوندول ئیمام لەخۆدەگرێت كە لیوایەكی حەشدیان هەیە.

هاوكات بزوتنەوەی جیهادو بیناو بەسەرۆكایەتی حەسەن رازی بەرپرسی سەرایای جیهادو لیوای 17ی حەشد.

رەوتی سەدر بەڕابەرایەتی موقتەدا:

 رەوتی سەدر كە لەژێر ناوی هاوپەیمانیی سائیروندا بەشداری هەڵبژاردنەكانە، لیوایەكی لە حەشددا هەیە بەناوی سەرایا ئەلسەلام كە بە 15 هەزار چەكدار دادەنرێن و 95 كاندیدیان هەیە لەهەڵبژاردنەكاندا.

ئەو باڵە سەربازییانەی یەكەمجارە بەشداریدەكەن:

هەندێك لەگروپەكان بۆ یەكەمجارە باڵی سیاسی دروستدەكەن و بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكەن، ئەوانیش بریتین لە:

بزوتنەوەی حقوق كە سەر بەكەتائبی حزبولای عێراقییە و حسێن موئنس سەرۆكیەتی. موئنس تۆمەتباری سەرەكییە لەكوشتنی هشام هاشمی شارەزای ئەمنی و ستراتیجیداو دەوترێت ئەو كەسەیە كە خۆی بە ئەبوعەلی ئەلعەسكەری دەناسێنێت و تویتە ئاگرینەكانی دەیان كێشەی گەورەی ناوەتەوەو چەند مانگێك لەمەوبەر، دوای بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز بەئاشكرا هەڕەشەی لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كرد. بزوتنەوەكە 40 كاندیدی هەیە لە هەڵبژاردنەكاندا و لیوایەكی هەیە لەحەشد هەشت هەزار چەكدار لەخۆدەگرێت.

هاوكات كەتائب لەنەوچەی جرف ئەلسەخر بڵاون كە لەدانیشتوانی مەدەنی چۆڵكراوەو تەنانەت وەزیری ناوخۆ و حەیدەر عەبادی لەكاتێكدا سەرۆك وەزیران بوو رێگەیان پێنەدرا سەردانی بكەن و لەم دواییانەشدا چەند پەرلەمانتارێك ویستیان سەردانی بكەن، بەڵام بۆ ماوەی شەش سەعات دەستبەسەركران و لەلایەن كەتائبەوە لێكۆڵینەوەیان لێكرا.

بزوتنەوەی عێراقی نیشتیمانی پارتێكی تری نوێیەو محەمەد ئەلشەمەری فەرماندە لەكەتائبی ئیمام عەلی سەرۆكایەتی دەكات كە خاوەنی لیوایەكی حەشدە و 24 كاندیدی هەیە.

 مانگی ئایاری رابردوو بەهۆی دەستگیركردنی قاسم موسڵح فەرماندە لە حەشدی شەعبی، كەتائبی ئیمام عەلی مانۆڕێكیان لەبەردەم ناوچەی سەوزدا كردو هەڕەشەی چوونە ناوەوە و داگیركردنیان كرد ئەگەر ئازادی نەكەن.

بزوتنەوەی تەحەدی بەسەرۆكایەتی كەسێكە بە ئەبو عەلی دەراجی بانگ دەكرێت، بەڵام تائێستا ناوە راستییەكەی نەزانراوەو شەش كاندیدی هەیە. دەراجی بەرپرسی كەتائبی ئەبی فەزڵ ئەلعەباسە كەگروپێكی چەكدارییە و سەر بەحەشدی شەعبیش نییە، بەڵام بەشداریی شەڕی دژی داعشی كردووە.

لەلایەكی دیكەوە هاوپەیمانیی قادرون بەسەرۆكایەتی حەسەن حەسناوی ئەمینداری گشتیی هێزەكانی ئیمام، خاوەنی گروپێكی چەكدارین كە سەر بەحەشد نین، بەڵام بەشداری شەڕی داعشیان كردووە. هاوپەیمانییەكە هەردوو رەوتی سیقە و ئەلئەبرار ئەلوەتەنی لەخۆدەگرێت و 26 كاندیدی هەیە.

كاندید یوسف حەسناوی سەرۆكایەتی پارتی تۆڵەی خودای ئیسلامی دەكات كە پارتێكە تۆمەتبارە بەڕاوەدونان و بەئامانجگرتنی چالاكوانەكانی بەسرەو سێ كاندیدی هەیە.

پەرلەمانتار فالح ئەلخوزاعی كە یاریدەدەری جیهادیی كەتائبی سەید ئەلشوهەدایە، لە بزوتنەوەیەكی نوێدا بەشداری دەكات بەناوی قادمون. چەند مانگێك لەمەوبەر بەپێی ئەو دانپێدانانانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردساتن بڵاویانكردەوە، كەتائب تۆمەتباركرا بە هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی هەولێر.

حەشدەكانی ڕۆژئاوا:

لەپاڵ ئەو گروپە شیعییانەدا، چەند رەوت و كەسایەتییەكی سوننە بەشدارن لە هەڵبژاردنەكاندا كەگروپی چەكداری و حەشدی عەشایەرییان هەیە و هەندێكیان سەر بەحەشدی شەعبین، ئەوانیش بریتین لە:

رەوتی محافزون كە یەكەم جارە بەشداری دەكات و وائل شمەری فەرماندەی حەشدی بەرگری سەرۆكایەتی دەكات و 12 كاندیدی هەیە. حەشدی بەرگری زۆرینەی لەعەشایەرە سوننەكان پێكدێت كە پارێزگاریی لەهەندێك ناوچەی ئەنبار دەكەن بەتایبەتی دوای ئازادكردنی لەداعش.

لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی پێشكەوتندا كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتی دەكات، سێ كەسایەتی هەیە كە حەشدیان هەیە لەئەنبار ئەوانیش، عیسا ئەلسایر فەرماندەی لیوای درعی فەلوجە. رافع ئەلفەهداوی بەرپرسی حەشدی نخوەت ئەلنەشاماو پەرلەمانتار نەعیم ئەلگعود سەرۆكی حەشدی ئەلبو نەمر.

هاوكات، عەبدوڵا جغیفی، بەرپرسی هێزەكانی ئەحرار ئەلفرات لەڕۆژئاوای ئەنبار، لەسەر لیستی هاوپەیمانیی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشوو خۆی كاندید كردووە.

لەپارێزگای نەینەوا سێ كاندیدیان هەیە كە یەكێكیان وەزیرە و یەكێكیان سەرۆكی لیستەو هەرسێكیان خاوەنی حەشدی عەشایەرین، ئەوانیش، فەلاح زێدان وەزیری پێشوی كشتوكاڵ لەسەر لیستی تەقەدوم، كە لێپرسراوی حەشدی لەهیبە لەباشوری موسڵ. پەرلەمانتار عەبدول رەحیم شەمەری بەرپرسی حەشدی نەوادر لەڕۆژئاوای موسڵ لەگەڵ هاوپەیمانیی ئەلعەقد ئەلوەتەنی بەسەرۆكایەتی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، هەروەها ئەحمەد ئەل جبوری پەرلەمانتاری نەینەوا كەسەرۆكایەتی بزوتنەوەیەكی نوێ دەكات بەناوی حەسم و سەرپەرشتیاری حەشدی فرسان ئەلجبورە لەڕۆژئاوای موسڵ.

كۆتاكان:

لەكۆتای پێكهاتەكاندا دیارترین ركابەر لەسەر كورسی مەسیحییەكان رەیان كلدانییە كە فەرماندەیەكی باڵایە لەحەشدی شەعبی و لێپرسراوی فەسیڵی بابلیونە لەحەشد، بابلیون پێنج كاندیدیان هەیە، دیارترینیان ئیڤان یەعقوب وەزیری كۆچ و كۆچبەرانە.

ركابەرێكی تر كە لەسەر كۆتای شەبەكە بریتییە لە وەعد قەدو، لەچوارچێوەی خۆكاندیدكردنە تاكەكاندا (واتە لەچوارچێوەی لیستدا نییە). قەدو تۆمەتبارە بەوەی زیاتر لەجارێك فڕۆكەخانەی هەولێری كردووەتە ئامانج، پێشتر سەرۆكایەتی لیوای 30ی حەشدی شەبەكی دەكرد لەدەشتی نەینەوا، بەڵام بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە كازمی دوریخستەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی ناوەندەكانی راگەیاندن هێشتا ئەو كۆنترۆڵی فەسیڵەكە دەكات، بەتایبەتی دوای مردنی ئەبو جەعفەر شەبكیی جێگرەوەی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار