حزبەكانی رۆژهەڵات‌و هەرێم لەبەرداشی ئێران‌و ئەمەریكادا

ئێران پەل دەكێشێت بۆ هەرێمی كوردستان بەبیانووی لێدان لەحزبەكانی رۆژهەڵات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئێران دوای دوو مانگ هەڕەشە لەهەرێم و ئامادەكاریی سەربازیی و ئەمنیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دواجار بەچڕی و بەچەكێكی نوێ و تۆپخانەی زیرەك هێرشەكەی بەبیانوی حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە دەستپێكرد.

كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1991) تا ئێستا دەیان هێرش و پەلاماری لەدژی بنكە و بارەگا و ئەندامانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و دەڵێت ئەو حزبانە دوای (25) ساڵ بەڵێنی خۆیان بۆ ئەنجامنەدانی هێرش لەناو خاكی ئێراندا شكاندوەو لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە دژی ئێران چالاكیی دەكەن، بۆیە موشەكەكانی سوپای پاسداران ئامادەن بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو حزبانە و نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی لەناوچەكەدا.

سەرەتای هەڕەشە و هێرشەكانی ئەم دواییە بۆ بناری هەڵگورد لەناوچەی سیدەكان بە بیانوی بوونی پێشمەرگەكانی ئەو حزبانەوە لەمانگی رابردو و لەكاتی سەردانەكەی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تارانی پایتەخت دەستیپێكرد و لەلایەن ئێرانەوە بە رەسمیی هۆشداریی درایە بەرپرسانی بەغدا و هەرێم كەسوپای پاسداران هێرشەكانی ئەنجامدەدا و لەدوایین پێشهاتیشدا سەرەڕای ئەو هێرشانە كە چەند رۆژێكە بەردەوامە، داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا كەپێشمەرگەكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چەك بكرێن و لەهەرێمی كوردستان دوربخرێنەوە.

حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر لە (35) ساڵە بنكە و بارەگایان لەهەرێمی كوردستان هەیە بەڵام ئەو حزبانە لە ماوەی بوونیان لە هەرێم، چالاكییەكی ئەوتۆی سەربازییان دژی ئێران ئەنجام نەداوە و بە بەردەوامی جەختیان لەوە كردوەتەوە كە پاراستنی سەروەریی خاكی هەرێم بۆ ئەوان گرنگە و نایانەوێت ببنە بیانوی نەیارانی كورد بۆ هێرشكردنەسەر هەرێمی كوردستان.

هەڕەشە و هێرشەكانی ئێران

هەرچەندە كۆماری ئیسلامی ئێران (35) ساڵە دژی بنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم هەڕەشە و هێرشی سەربازیی ئەنجام دەدات، بەڵام سەرەتای هەڕەشەو هێرشەكانی ئەم دواییە دەگەڕێتەوە بۆ دووەم گەشتی فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێككەوتی (10/8/2021).

شەمخانی كە نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەكەی لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فواد حسێن بە راشكاوی رایگەیاند كەتاران بەرپرسانی بەغداو هەولێر-ی لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگادار كردووەتەوە و ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.

لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند؛ لەدژی هەر حزب و لایەنێك كە ببێتە هەڕەشە و مەترسیی بۆسەر ئێران كاردانەوەیان دەبێت، چونكە ئەوە پێچەوانەی هەڵوێستی حكومەتی ئێستای بەغدایە.

دوای مانگێك لەهەڕەشەی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران لە رۆژی (1/9/2021) سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە كە پێنجشەمەی رابردوو (26/8/2021) لە گوندێكی ناوچەی مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە هێرش كراوەتەسەر ئەندامانی سوپاكەیان و دوو كەسیان كوژراوە و ئەو چەكدارانە لەهەرێمی كوردستانەوە هاتوونەتە خاكی ئێران و هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەڵام تۆڵەی توند چاوەڕوانی ئەو چەكدارانە دەكات.

رۆژی یەكشەممە (12/9/2021) دوای ئەوەی مستەفا كازمی لەگەڵ عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبووەوە، شەمخانی داوای لێكرد كە بەپەلە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان دەربكرێن، چونكە بەوتەی ئەو بەرپرسە، جموجۆڵ و چالاكیی ئەو هێزانە لەچوارچێوەی پلانەكانی ئەمەریكادایە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران.

شەمخانی لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كازمی، جەختی لەوە كردووەتەوە كە حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان  لەهەرێم مەترسین بۆسەر ئاسایشی سنورەكانی نێوان عێراق و ئێران، بۆیە دەبێت بەپەلە پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە لەچەك داماڵرێن و لەهەرێم دەربكرێن.

هۆكاری بوونی حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم

ساڵی (1984) دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتەكانی رۆژهەڵات و فشارەكانی سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لە ناوچەكانی (سەفرە، زەرون، گەڵاڵە، مەعلومە و چەند ناوچەیەكی دیكە)ی زۆنی دەسەڵاتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەباشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانە و دوای راپەڕینی ساڵی (1991)ی باشور هێزەكانی سەر بە حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵە و خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگا و ئۆردوگایەكی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت.

هەروەها راگرتنی چالاكییەكانی ئەو حزبانە بووە هۆی سەرهەڵدانی ململانێ ناوخۆییەكان و دواجار جیابوونەوە چەند باڵ و حزبێكی دیكە، بۆ نموونە ئێستا حزبی دیموكرات بووەتە دوو حزبی (حدكا) و  حزبی (حدك) و كۆمەڵە لەئێستادا سێ حزبە  كە بریتین لە (حزبی كۆمۆنیستی ئێران رێكخراوی كوردستانی كۆمەڵە) و (كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) و (كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستانی ئێران)  هەروەها خەباتی ئیسلام چەند جارێك جیابوونەوە و باڵی جیاوازی لێكەوتووەتەوە.

بەشێك لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بریتین لە حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و هەروەها كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی كوردستان و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەساڵی (2016)وە بەشێك لەبنكە سەربازییەكانی خۆیان لەبناری چیای هەڵگورد لە ناوچەكانی نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان جێگیر كردوە و چالاكییەكانیان لەو ناوچە سنورییانەوە ئەنجام دەدەن و ئەمەش بوەتە مایەی توڕەیی كۆماری ئیسلامی ئێران و كاردانەوەی چەكدارانی سوپای پاسداران دژی بنكەكانی پێشمەرگەكانی ئەو حزبانە.

ئێران چەكی نوێی لەهەرێم تاقیكردەوە

رێككەوتی (6/8/2021) پێگەی فەرمیی راگەیاندنی سوپای پاسداران بڵاویكردەوە محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی پاسداران رایگەیاندوە رۆژی پێنجشەممە (2/9/2021) هێزێكی چەكداری نەیاری ئێران لەهەرێمی كوردستانەوە خۆیان گەیاندووەتە ناوچەی مەریوان و هێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی سەربازیی و لەئەنجامدا دوو چەكدارای سوپای پاسداران كوژراوە، بۆیە تۆڵەیەكی توند چاوەڕێی ئەو هێزانە دەكات.

پاكپور وتوویەتی: نابێت بەرپرسانی هەرێم رێگە بەنەیارانی ئێران بدەن بنكە و بارەگایان لەناو خاكی هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە ئەو دژیی رەوشتی دراوسێیەتیی نێوان ئێران و عێراقە و  داوا لەخەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەین دوربكەونەوە لەبنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی زیانیان پێی نەگات، بەڵام ئەم وتەیە كاردانەوەی بەغدای لێكەوتەوەو تەحسین خەفاجی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند رێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادەین كە ببێتە مایەی تێكدانی ئاسایش و سەروەریی خاكی هەرێم و عێراق لەبەرامبەردا جارێكی دیكە محەمەد تەقی ئۆسانلو فەرماندەی ناوەندی (حەمز) سوپای پاسداران كە مێژوویەكی دورودرێژی لەشەڕ دژی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات هەیە جەختی كردەوە كە هێرش دەكەنەسەر هەرێمی كوردستان لەدژی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران.

هاوكات، رۆژی سێشەممە (7/9/2021) رۆژنامەی (وەتەنێ ئێمروز)ی ئێران لە لاپەڕەی یەكەمی خۆیدا بەناونیشانی «موشەكەكان ئامادەی ئاڕاستەكردنن» لێدوانی ئەو دوو فەرماندەیەی سوپای پاسداران و محەمەد باقری، سەرۆكی ناوەندی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بڵاوكردەوە كەتێیدا باقری ئاماژە بەوە دەكات حزبی دیموكراتی كوردستان بە ئاگاداری بەرپرسانی هەرێم بەڵێنی نووسراویان  هەیە كە لەساڵی (1996)ەوە هیچ هێرشێكی سەربازیی لەخاكی ئێراندا ئەنجام نەدەن، بەڵام ئەو حزبە لە ژێر كاریگەریی پلانی ئەمەریكا دژی ئێران جموجۆڵەكانی لەساڵی (2017) دەستپێكردەوە، بۆیە سوپای پاسداران بە حەوت موشەك وەڵامی ئەو جموجۆڵانەیان دایەوە.

باقری جەختی لەوە كردووەتەوە كە موشەكەكانی سوپای پاسداران بەسوودوەرگرتن لەنوێترین تەكنەلۆژیا ئامادەی پێكانی ئامانجەكان و نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانن لەناوچەكەدا.

دواجار رۆژی هەینی (12/8/2021) سوپای پاسداران هەڕەشەكانی كرد بەهێرش و لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد بە (حەوت فڕۆكەی خۆكوژ) كە نوێترین تەكنەلۆژیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سەربازیی ئێرانە هێرش كراوەتەسەر بنكەكانی حزبە نەیارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبناری چیای هەڵگوردو هاوكات بەفڕۆكەی جەنگی و بە تۆپخانەی زیرەك بەچڕی تۆپباران و بۆردومانی ئەو بنكانە كراوە .

موشەك و سێدارە خەڵاتی ئێران بۆ كورد لە رۆژهەڵات

بەرەبەیانی رۆژی شەممە (8/9/2018) هەواڵی لەسێدارەدانی زانیار مورادی و لوقمان مورادی و رامین حسێن پەناهی سێ زیندانیی كوردو ئەندامی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوبوەوەو هەر هەمان رۆژ لەسەعات (11)ی پێشنیوەڕۆ بەموشەك هێرش كرایەسەر بارەگای سەرەكیی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) لەقەزای كۆیە.

هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە (8/9/2018) بارەگای سەركردایەتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی لەكۆیە بەحەوت موشەكی جۆری (فاتح) كردە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشەوە زیاتر لە (16) كەسی ئەندام و پێشمەرگەی ئەو حزبە گیانیان لەدەستدا كە شەش كەسیان ئەندامی سەركردایەتیی حزبەكە بوون.

لەساڵی (2019) سوپای پاسدارن جارێكی دیكە بەفڕۆكەی بێفرۆكەوان هێرشیان كردەسەر بنكەیەكی سەربازیی هێزەكانی پێشمەرگەی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبناری چیای هەڵگورد لەناوچەی باڵەكایەتی و دواتر كۆمەڵەی زەحمەتكیشانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد كە سێ پێشمەرگەیان بەسەختی برینداربوون و یەكێك لەو بریندارانەش قاچێكی لەدەستداوە

ئەوەی جێگەی سەرنجە هاوكاتبوونی موشەكبارانی كۆیە و لەسێدارەدانی سێ چالاكی كورد لە رۆژهەڵات كە بەبڕوای زۆر كەس بەهەڵكەوت نەبووە، چونكە ئێران دوای دوو مانگ هەڕەشە لەكاتێكدا كە تەنها دوو رۆژ بەسەر سێیەم ساڵیادی موشەكبارانەكەی كۆیە تێپەڕیوە، رۆژی هەینی بەفڕۆكەی خۆكوژو تۆپخانەی زیرەك هێرشی كردەسەر بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبناری هەڵگورد.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لەیەك مانگە لەسەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵەوە هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەچەك و زرێپۆش و كەرەستەی سەربازیی پێشكەوتوو، هێزی زۆری لەسەرجەم ناوچەكانی نێوان رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان جێگیر كردووەو هێزی ئەمنیشی لەناوخۆی رۆژهەڵاتدا بڵاوەپێكردوە.

 لەلایەكی دیكەوە لەكاتی هێرشەكەی بۆ سەر ئەو بنكەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات تۆڕەكانی گواستنەوە بەتایبەت هێڵەكانی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان رووبەڕوی كێشە بوونەتەوە و رێوشوێنی ئەمنیی توند لەو بەشەی كوردستان گیراوەتە بەر.

ئامانجەكانی ئێران، روو لەهەرێمی كوردستان

زۆربەی بەرپرسە سەربازییەكانی ئێران لەلێدوانەكانیاندا حزبەكانی رۆژهەڵات بەبەشێك لەپیلان و پلانی دوژمنانی خۆیان لەناوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەزانن، بۆیە دوور نییە بەم بیانوەوە هێزی سەربازیی خۆی پیشان بداو بوون و قورسایی لەعێراق بۆ ئەمەریكا و بەپرسانی بەغداو هەرێم دەربخات بەمەبەستی دەستوەردان لەكاروباری عێراق و هەرێمی كوردستان و پاشەكشێ بەداواكارییەكانی واشنتۆن و بەغدا لەتاران بەتایبەت كە پارەیەكی زۆری ئێران لەبانكی ناوەندیی عێراق بلۆك كراوەو سەرجەم سەرمایە بلۆككراوەكانی لەعێراق بەنزیكەی (36) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

راستییەكی دیكە ئەوەیە لەئێستادا باڵی محافزكار بەتەواوەتی بەسەر ئێراندا زاڵەو ئەو باڵە بڕوای بەكاردانەوەی توند لەدژی نەیارانی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی هەیە بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار