سلێمانی; كەسێك بە تۆمەتی كوشتی دوو ئەندامی پەكەكە دەستگیركرا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێک بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی دوو ئەندامی پەکەکە لە سلێمانی رادەگەیێنێت.
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە سلێمانی تەقە لە دوو ئەندامی پەکەکە کرا، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا "پیلانەکە" ئاشکرا کراوە و تاوانباری سەرەکیی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیرکرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "تۆمەتبارەکە راپێچی دادگە کرا، تاوەكو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت"، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە دوو کردەوەکە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە بوون.
ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دروستکراوە و لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کورستان و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى دژەتيرۆر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی پێکهاتووە.
رۆژی هەینی شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و کوژرا.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە تەقە لە ئەندامێکی پەکەکە بە ناوی فەرهاد باشقوندور کە تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی رووهایە لە باکووری کوردستانە، لەبەردەم دووکانەکەی خۆی تەقەی لێکرا و بریندار کرا.
