مەسرور بارزانی: ئومێد دەخوازم هەڵبژاردن دادپەروەرانە و بێ ساختەکاری بەڕێوەبچێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان  ڕایگه‌یاند: "ئومێد دەخوازین هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەشێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. 

ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد. 

بە گوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکی و ئەرکەکانی نێردەکە خستەڕوو کە ئامانجیان چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و جەختیشی کردەوە کە ئەرکی ئەوان تەنیا چاودێریکردنە و دەستوەردان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە ناکەن. 

مەسرور بارزانیش وێڕای نرخاندنی رۆڵی گرنگیی یەکێتیی ئەوروپا لە چاودێریکردنی هەڵبژاردن، هيوای خواست کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئارام، دادپەروەرانە، دوور لە ساختەکاری و تووندوتیژی بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. 

سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانيشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ نێردەی یەکێتي ئەوروپا دەربڕی.

کۆمیسیۆن دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنیداوە 130 چاودێر رەوانە بکات بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، هاوکات یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیداوە 100 چاودێر رەوانە بکات، هەروەها کۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ 51 وڵات و 25 رێکخراو ناردووە بۆ ئەوەی چاودێریی هەڵبژاردن بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار