ئەنگێلا مێرکل واز لە دەسەڵات دەهێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى  

ئەنگێلا مێرکل دوای 16 ساڵ لە راوێژکاریەتی ئەڵمانیا، ئامادەکاری دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات دەکات.

مێرکل لە هامبۆرگ لەدایکبووە، لە تێمپلنی برادینبێرگی ئەو دەمەی ئەڵمانیای رۆژهەڵات گەورە بوو؛ گەورەبوون لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەو سەردەمەدا تاڕادەیەک خاڵێکی لاواز بوو.

رالف بۆلمان، نووسەری ژیاننامەی مێرکل دەڵێت، "هەموو ئەو پیاوانەی کە خەڵکی ئەڵمانیای رۆژئاوا بوون و ئەندامی پارتی کریستیان دیموکرات بوون، بە راستی پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ژنێك لە تەمەنی 35 ساڵی کە لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە هاتووە بەرەو ئەوە بڕوات کە ببێتە سەرۆکی پارتەکە و دواتریش راوێژکاری ئەڵمانیا، بەڵام مێرکل زۆرجار سوودی لە کەم هەڵسەنگاندکردنەکەی بینیوە".

لە ساڵی 2000 مێرکڵ بووە سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات و لە 2005 بووە راوێژکاری ئەڵمانیا. دوای سێ ساڵ قەیرانی دارایی جیهانیی سەریهەڵدا و یۆنان لە لێواری داڕمانیی تەواودا بوو. یەکێتیی ئەوروپا لەژێر کاریگەریی مێرکل پەیڕەوکردنی سیاسەتی سکهەڵگوشینی بەسەر یۆنانی سەپاند وەک مەرجی وەرگرتنی قەرز. یارمەتییەکە قۆناخ بە قۆناخ باری ئابووریی یۆنانی باش کرد. 

مێرکل بە بڕیاردەری یەکلاییکەرەوە ناسراوە؛ لە ساڵی 2011 و لە دوای کارەساتی وێستگەی ئەتۆمیی فوکوشیمای ژاپۆن، بڕیاریدا بە داخستنی 8 لە 17 وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەڵمانیا.

ئەو دەمەی کە زۆربەی ئەوروپییەکان خۆیان لە قەرەی قەیرانی ئۆکراینا و رووسیا نەدەدا، مێرکل بە جیددی قۆڵی بۆ هەڵماڵی.

هەر بەو نەفەسە و لە ریسکێکی سیاسیی دیکە دا، لە 2015دا دەرگەی ئەڵمانیای بە رووی زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر کردەوە.

ئەنەس، پەنابەرێکی سوورییە و خوێندکاری پەیوەندییەکانە لە زانکۆی بەرلین دەڵێت، "خاتوو مێرکل ئەو دەرمانەیە کە ژیانی بۆ ناخم گەڕاندەوە، دەرفەتی هاتنمی بۆ ئەم وڵاتە و هەستکردن بە ئارامی پێدام؛ ئەو ئاسایشی پێ بەخشیم. مێرکل بۆ من بەهێزترین ژنی ئەم جیهانەیە".

ژنە بەهێزەکەی جیهان لە ساڵی 2017دا و جارێكی دیکە و بۆ چوارەمین خول بە راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە.

بەڵام دوای یەک ساڵ، بڕیارێكی دیکەی بێ پاشگەزبوونەوەی دا ئەمجارە تایبەت بە ژیانی سیاسیی خۆی بوو.

ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، "پێموایە دەبێت ئێمە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە و پێویستە لەو بارەیەوە بڕیارێكی نوێی خۆمتان پێ رابگەیێنم؛ من خۆم بۆ سەرۆکایەتیی پارتی کریستیان دیموکرات بەربژێر ناکەمەوە، هەروەها چوارەمین خولی راوێژکاریم دوایین خول دەبێت و لە پۆستی راوێژکاری ئەڵمانیا نامێنمەوە".

لە دوا راپرسی کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کراوە، دەرکەوتووە دوو لەسەر سێی ئەڵمانییەکان لە کاری مێرکل رازی بوون.

مێرکلی تەمەن 67 ساڵ، زیاتر لە 16 ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایە و یەکەمین و گەنجترین ژن کە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکە وەردەگرێت و زۆرترین کات لەو پۆستە دەمێنێتەوە، ئێستا ژماردنی پێچەوانەی دەسەڵاتە 16 ساڵییەکەی بە ویستی خۆی بەرەو کاژێر سفر دەڕوات و ئەڵمانیا و ئەوروپا لە سەردەمی گەورە ئاڵنگارییەکانی جیهان جێ دەهێڵێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار