نێردەى ئەوروپا: ئەم هەڵبژاردنە ڕووداوێکى مێژووییە بۆ عێراق

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێڕیی پرۆسەى ئامادەکارىی و هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراقى دەکات، هەر بۆ ئەو مەبەستەیش ٨٠ چاودێری ڕەوانەی عێراق دەکات.
ڤیۆلا ڤۆن کارمۆن نێردەى یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسییدا، بۆ چاودێڕیی هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئاماژەى بەوەکرد، کە ئەمڕۆ کۆتایی بەسەردانەکەى دەهێنێت بۆ کوردستان، کە لە بەغداوە هاتووە و نێردەى یەکێتیی ئەوروپایە بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانى عێراق.
نێردەى یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە بە ڕووداوێکى مێژوویی دەزانین، ئێمەیش وەک یەکێتیی ئەوروپا بەتەواوى چاودێریی هەموو پرۆسەى دەنگدان دەکەین، لەوانەش پرۆسەى ئامادەکارىی، دواتر دەنگدان، سندوقەکانى دەنگدان، لیستى دەنکدەران، چاودێرانى دەنگدان و چەندان لایەنى دیکەش. لایەنى ئاسایشى کە یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانى پرۆسەى دەنگدان، زۆر جەختى لێوەکراوەتەوە، چونکە ئەوە دەنگدەرانن بڕیار دەدەن بۆ دیاریکردنى نوێنەرانیانن و دەبێ ئەوان دڵنیابن لە سەلامەتىی گیانى خۆیان.
ئەو، وتیشى ئێمە لێرەین (لە عێراق)، تا چاودێریی هەڵبژاردنەکان بکەین، دواتر هەڵى دەسەنگێنین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەست وەرنادەینە پرۆسەکە، بەڵکو سەربەخۆین وتەنها چاودێریی دەکەین. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین کە دەنگدان مافى عێراقییەکانە، بەپێی ئەو میتۆدانەى کە بەدەست یەکێتیی ئەوروپا هاتوون، ئەوە تەنها پرۆسەى دیموکراسیی و بەڕێوەبردنە، ئێمە بەرلە هەڵبژاردن هاتووین و دواى هەڵبژاردنیش دەمێنینەوە، تا بەتەواوى هەڵسەنگاندن بکەین.
ڤیۆلا، باسی لەوەشکرد کە ئەوان لە ڕێگەى ئەو چاودێڕانەى کە هەیە، چاودێریی پرۆسەى دەنگدانى عێراقییەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەى کە کار لەسەر چەند میتۆدێک دەکەن، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نادەن، لەوەى هەڵبژاردنێکى بێگەرد لە عێراق بەڕێوە بچێت.
قسەی لەوەشکرد: بەڵکو ئێمە لە چوارچێوەى یاسایی، هەموو کارەکانمان ئەنجام دەدەین، کە چاودێڕیی، پرۆسەى ئامادەکارىی و بانگەشەى هەڵبژاردن، کارى میدیایی و چاودێریی دەنگدان، پرۆسەى جیاکردنەوەى دەنگەکان، دەرچوونى کاندیدەکانە، ١٢ کەسی پسپۆر و ٢٠ کەسی جێبەجێکار چاودێڕیی تەواوى پڕۆسەکە دەکات. ئەوانە هەموویان ماوەى درێژخایەن کاردەکەن و ٦٠ کەسی دیکە بۆ چاودێریی کورت دەگەنە عێراق، بە گشتیی یەکێتیی ئەوروپا ٨٠ چاودێڕی دەبێت.
نێردەى یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەشی ڕوونکردەوە کە کە لە ١٢ى مانگى داهاتوو، دوو ڕۆژ دواى هەڵبژاردنەکان ڕاپۆرتى سەرەتایی خۆی پێشکەش دەکات، دواتریش ڕاپۆرتێکى فراوان بۆ پەرلەمان و ئەنجوومەنى ئەوروپا بەرز دەکاتەوە.
