دەمیرتاش و 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

چوارەمین دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن.

دانیشتنەکەی دادگا لە 22ـەمین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و رۆژی 18ی ئەیلوولیش پارێزەرەکانی دۆسیەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەو انییان ئەنجامدا و داوایان لە خەڵک کرد رۆژی 20ی ئەیلوول لەبەردەم دادگا ئامادەبن.   

لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا داواکاری گشتیی داوای 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە و زیندانی هەمیشەیی بۆ 38 لەو تۆمەتبارانە دەکات، کە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن. تاوەکو ئێستا لەو دۆسیەیە 8 سیاسەتڤان بە مەرج ئازادکراون.

یەکەمین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە دوای تێپەڕبوونی 6 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا و رۆژی 26ی نیسانی رابردوو لە  22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. 

رووداوەکانی کۆبانێ کە لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا، وەک پاساوێکی سەرەکی بۆ داخستنی هەدەپە ئاماژەیان پێدەکرێ. 

دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 

لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند.

گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێندران. 

حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار