تاڵیبان دەوامكردنی ژنان لەدامودەزگاكاندا قەدەغە دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی کاتی شارەوانی کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕایگەیاند: " دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان داوایان لەژنە فەرمانبەرەکان کردوە لەماڵەکانیان بمێننەوەو نەگەڕێنەوە بۆسەر کارەکانیان، تەنها ئەو ژنانە نەبێت کە لەئێستادا ناتوانرێت شوێنەکانیان بەفەرمانبەری پیاو پڕبکرێتەوە".

 بڕیاری ڕێگریکردن لەکارکردنی ژنان‌و ئافرەتان ئاماژەیەکی نوێیە بەوەی تاڵیبان گۆڕانکاریی لەخۆیدا نەکردوەو سورە لەسەرئەوەی بۆچونە توندڕەوەکانیان بەسەر کۆمەڵگەی ئەفغانستان بەگشتیی‌و ژنان‌و ئافرەتان بەتایبەتی بسەپێنن.

هەرچەندە لەماوەکانی ڕابردوداو لەمیانی دانوستانەکاندا بەڵێنی ئەوەیاندابوو کە بەشێوەیەکی میانڕەوانە مامەڵە لەگەڵ چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگەو بەتایبەتیش ژنان‌و ئافرەتاندا بکەن.

لەنەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا، بزوتنەوەی تاڵیان ڕێگەی بەخوێندن‌و کارکردنی کچان‌و ژنان نەدەدا، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوشدا چەند بڕیارێکی دەرکردوە کە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی ژنانە، وەک ئەوەی خوێندکارە کچەکانی قۆناغەکانی ناوەندی‌و ئامادەیی ئاگادارکردۆتەوە کە لەمکاتەدا نەگەڕێنەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، لەکاتێکدا لەقۆناغی سەرەتاییدا دەست بەخوێندن کراوەتەوە.

هەروەک لەگەڵ ئەوەی لەزانکۆکان دەست بەخوێندن کراوەتەوە، بەڵام خوێندکارە کچ‌و کوڕەکان لەیەکتر جیاکراونەتەوەو ناچاریش کراون کە پابەندی ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلام بن لەڕوی جلوبەرگەوە.

لای خۆیەوە ڕێکخراوی یونسکۆ داوای لەبزوتنەوەی تاڵیبان کردوە ڕێگە بەخوێندکارە کچەکانی قۆناغی ناوەندی‌و ئامادەیی بۆ خوێندنگاکان بدات، جەختیشیکردۆتەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی مافەکانی کچان‌و ژنانی ئەفغانستان بن.

هەینی ڕابردوش، تاڵیبان وەزارەتی کاروباری ژنانی هەڵوەشاندەوەو لەجێگای ئەوە وەزارەتی فەرمان بەچاکەو ڕێگری لەخراپەی دامەزراند

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار