مەسرور بارزانی: ئەم وڵاتە بە خوێن رزگارکراوە نابێت هیچ کەسێک ئەو مافە بداتەخۆی دەستدرێژی بکاتەسەری
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: " ئەم وڵاتە بە خوێن رزگارکراوە و سەختییەکی زۆری بینیوە. نابێت هیچ کەسێک ئەو مافە بداتەخۆی دەستدرێژی بکاتەسەر ئەو خاکە و بارقورسی بۆ خەڵکی ئێمە دروستبکات".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وتارێکی پێشکێش کرد و لە بەشێکی وتارەکەیدا رایگەیاند: " زاخۆ ناوچەیەکی گەشتیارییە، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بوونی پەکەکە بووەتە سەرئێشە و زۆربەی گوندەکان چۆڵبوون و رێگە نادرێت هاونیشتمانیانمان بگەڕێنەوە گوندەکانیان".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد: "سەروەریی خاکی ئێمە بپارێزن، قەدری زەحمەت و ماندووبوونی خەڵکی ئێمە بگرن و رێز لە قوربانیدان و خوێنی شەهیدانمان بگرن".
مەسرور بارزانی هۆشداریی دایە پەکەکە و گوتی: "ئەم وڵاتە بە خوێن رزگارکراوە و سەختییەکی زۆری بینیوە. نابێت هیچ کەسێک ئەو مافە بداتەخۆی دەستدرێژی بکاتەسەر ئەو خاکە و بارقورسی بۆ خەڵکی ئێمە دروستبکات. بەهیچ شێوەیەک ئێمە لێی قبووڵ ناکەین. داوایان لێدەکەین بگەڕێنەوە و ئەو سەر ئێشەیە بەس بکەن، خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە سەر خاک و ئاوی خۆیان تاوەکو ئێمەیش وەکو حکومەت بتوانین خزمەتگوزاریی بگەیێنینە ئەو گوندانەی تاوەکو ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە "ئەو ناوچانە زۆر خۆشن و دەتوانن ببنە شوێنی سەرنجڕاکێش نەک تەنیا بۆ خەڵکی دەڤەری زاخۆ و دهۆک بەڵکو بۆ هەموو کوردستان. هیوادارین ئەو دۆخە بگەڕێتەوە دۆخێکی ئارام و سەقامگیریی جارێکی دیکە لەو دەڤەرە ببینینەوە و ئەوەی لەدەستی ئێمە بێتە دەیکەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە ئارامی بژین و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زەوی و گوندی خۆیان".
