قەرەیلان: توركیا ویستی ئێمە لەناوببات بەڵام خۆی کەوتووەتە لێواری لەناوچون

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
موراد قەرەیلان، پێنج ئامانجی دەوڵەتی توركیا ئاشکرا دەکات، کە لە هەموویاندا شکستی هێنا و دەڵێت:”ئەم دەوڵەتە ویستی ئێمە لەناوببات، بەڵام نەیتوانی و خۆی کەوتووەتە لێواری لەناوچوون”.
ئهمڕۆ دووشهممه 20ی ئهیلولی 2021، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و فەرماندەی ناوەندی پاراستنی گەل، بۆ هێزەکانی گەریلا قسەی کرد و باسی لە پێنج ئامانجی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەی ئاشتیی و سەپاندنی شەڕ بەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستاندا، کە بریتن لە:”
-یەکەمین ئامانجی پیلانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و دروستکردنی هاوپەیمانی دژە کورد ئەوە بوو، کە بە گۆشەگیریی ڕەها و ئەشکەنجەی سەر ڕێبەرمان، پاشەکەشەمان پێبکات.
-ئامانج دووەمی ئەوە بوو، کە تا ساڵی ٢٠١٧ هێزی گەریلا پاکتاو بکات و سیستمی کۆنترۆڵی فەرماندەیی لەناوببات.
-ئامانجی سێیەمی ئەوە بوو، کە بە توندوتیژیی و فشاری فاشیستانە، جەماوەری باکووری کوردستان کپ بکات و پاشان ئیرادەیان تەسلیم بکات، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەیویست سیاسەتی دیموکراتیکی کورد بە گشتیی بخاتە ژێر فشارەوە، هەموو سەنگەرەکانی داگیر بکات و هاوکات بزووتنەوە چەپە سۆسیالیستەکانی تورکیاش بە یەکجاریی لەناوببات.
-ئامانجی چوارەم ئەوە بوو، کە بە بەکارهێنانی هێزی سیاسیی، لایەنەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بخاتە ‘یاریی تیرۆرەوە’ و بەم شێوەیە ڕۆژئاوا پاکتاو بکات.
-ئامانجی پێنجەمیان لەناوبردنی بەرخۆدانی خەڵکی ئێزدیی شەنگال بوو تا دیسان بیانخاتە ژێر فشاری خۆی.
موراد قەرەیلان دەربارەی ئاکامەکەشیان وتویەتی”بەدڵنیاییەوە نەیتوانی بە هیچ کام لەو ئامانجانە بگات، بەم هۆیەوە تووشی قەیرانێکی هەمەلایەنە و قووڵ بووە”.
قەرەیلان بە گەریلاکانی وتووە”ئیتر هەموو کەسێک چاوەڕوانی قۆناغی پاش ئەم دەوڵەتەیە و کەس لەسەر داهاتووی دەوڵەتەکە گفتوگۆ ناکات، ئەم دەوڵەتە ویستی ئێمە لەناوببات، بەڵام نەیتوانی و خۆی کەوتووەتە لێواری لەناوچوونەوە”.
