دیندار زێباری: لەماوەی هەشت مانگدا توركیا 165 هێرشی ئاسمانی و 6 هێرشی زەمینی ئەنجامداوە
"800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند:" بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە". و دەڵێت:"لەماوەی دوو مانگدا 165 هێرشی ئاسمانی، 274 گولەتۆپ، و 6 هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون".
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئهیلوولی 2021، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و رایگەیاند:" هێرش و بەرەنگارییەکان بونەتە هۆی ئەوەی کە دانیشتوانی ئەم ناوچانە بە کۆمەڵ ئاوارەبن و هەروەها بوەتە هۆی ناجێگیری بەردەوام، لە نێوان مانگی 1 بۆ 8ی ساڵی 2021دا، 165 هێرشی ئاسمانی، 274 گولەتۆپ، و 6 هێرشی سەرزەمینی ئەنجامدراون".
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردوە: بۆردومانەکان ناوچەکانی پێنجوێن، چوارتا، هەوارە کۆنی سەربە پارێزگای سلێمانی، شنگال، ئەسکبلان، شیلانی، کلکا نسارا، کلکا ئیسلام، کشانی، هروری، کورزار، دشیش، سکیر، ئاورا، باپیری، هرور، خامتیر، کەلها شابانی، لیفانی، دیری، هفشن، بیدهوهی، بونکستای سەر بە پارێزگای دهۆکی کردوەتە ئامانج.
دیندار زێباری باسی لەوەشکردوە، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان کراوە، لەگەڵ ئەوەش، گولەتۆپ گوندەکانی نزیک ناوچەکانی باتووفە، کانی ماسی، درکاری سەر بە پارێزگای دهۆکی لەسەرەتایی مانگی (ئەیلول/9) 2021 دا تۆپباران کرد.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتیشی: "ئەم هێرشانە مەترسی دەخەنە سەر گیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، زیان دەگەیەنن بە موڵک و ماڵ و زەوی و زاری جوتیاران، و بینا و خانوەکان وێران دەکەن، و زیان دەگەیەنن بە دارستانەکان، سەرەڕای ئەمەش، چەندین دانیشتوی گووند نشینەکان ئاوارە بونە بەهۆی ئەم بۆردومانانە، و چەندین هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دەیانی تر بونەتە قوربانی، سەرباری ئەمەش، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان نێوان پەکەک و سوپای تورکیا زیاتر لە 800 گوند چۆڵکراون و بێ خزمەتگوزاری ماونەتەوە".
ناوبراو جەختیش لەوەدەكاتەوە:" داوا دەکەین کە کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەکان لە ناوچە سنورییەکان بهێندرێت، هەروەها، داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکەین کە ڕەچاوی بارودۆخی هاوڵاتیان لە ناوچەکانی سەر سنور بکەن کە ئێستا روبەڕوی بۆردومانەکان بونەتەوە و ناچارن ماڵەکانیان جێبهێڵن و دەست لە موڵک و ماڵەکانیان هەڵبگرن".
