هەپەگە: لە ئاڤاشین دوو سەرباز كوژران

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەپەگە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی چالاکیی گەریلاکانیدا دژی سوپای توركیا، لە هەرێمی ئاڤاشین، بە لانیکەمەوە دوو سەرباز كوژران.
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژبە سوپای توركیا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داگیرکەران لە ڕێگەی نێوان مەیدانی شەهید ڕۆستەم و گردی شەهید عەفدا کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانمانەوە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٥:٠٠ی ئێوارە، ئەو داگیرکەرانە کرانە ئامانج، لە ئەنجامی چالاکییەکەدا، بە لانیکەمەوە دوو داگیرکەر سزادران، دوای چالاکییەکە دوژمن بە هێلیکۆپتەر کوژراوەکانی گواستەوە.
هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی ئێوارە، سوپای داگیرکەری تورک بە چەکی قورس مەیدانی بەرخۆدانی وەرخەلێی تۆپباران کرد و دوای ئەوە ویستی پێشڕەویی بکات، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەرخۆدێرانمان شەڕ ڕوویدا و داگیرکەران نەیانتوانیی پێشڕەویی بکەن.
لە بەردەوامیی هاتووە: ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٩:٤٠ خولەکی بەیانی، مەیدانی چەمچۆ لە هەرێمی زاپ بە چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگیی کرایە ئامانج.
ئاماژەش بەوەکراوە: ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:٤٠ بۆ ٠٧:٣٠ی شەو، هێلیکۆپتەر بەسەر هێڵی قاشورا لە هەرێمی مەتینا-دا سووڕایەوە، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٤:٠٠ بۆ ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە کاتژمێر ٠٥:٣٠ خولەکی بەیانی، دەوروبەری گوندەکانی ئێدنێ، دێشیش، سەراڕو، هرور و مەیدانەکانی قەڵای قومری، گردی شەهید چیا و گردی کۆردینە، لە کانی ماسیی ئامێدی، لە ڕێگەی هاوەن و هێلیکۆپتەرەوە کرانە ئامانج.
لە کۆتاییشدا هاتووە: لە ئەنجامی تۆپباران و بۆردوومانەکاندا، ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە و هێشتا بەردەوامە.
