حکومەتی عێراق ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە

موقته‌دا سەدر به‌شداربوانى كۆبونه‌وه‌كه‌ى هه‌ولێر "به‌تیرۆریست" ناوده‌بات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

حکومەتی عێراق رونکردنەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە".

ژمارەیەک کەسایەتیی عەرەب رۆژی هەینی لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لەنێو ئەو کۆبوونەوەیدا، پشتگیری خۆیان راگەیاند بۆ ئەوەی عێراق پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت.

نوسینگەی میدیای سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیێندراوێکی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە بڵاوکردەوە و جەختی لەوەکردەوە کە بە هەموو شێوەیەک کۆنگرەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رەتدەکاتەوە، کە دوێنێ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

راگەیێندراوەکەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەکە بە "نایاسایی" ناودەبات و دەڵێت: "حکومەتی عێراق بەهەموو شێوەیەک ئەو کۆبوونەوە نایاساییە رەتدەکاتەوە، کە هەندێک کەسایەتیی هۆزەکانی نیشتەجێی هەولێر لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە، کە تێیدا درووشمی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەرزکراوەتەوە".

راگەیێندراوەکە هەروەها دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو کۆبوونەوانە نوێنەرایەتی دانیشتووانی شارە عێراقییەکان ناکات و دەڵێت: "ئەو کەسە بێ ئومێدانە بەناوی خەڵکەوە قسەیان کردووە، کە ئەمە تەنیا هەڵوێستی بەشداربووانە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵێکە بۆ شێواندنی دۆخی گشتی و زیندووکردنەوەی ئاوازی تائیفی قێزەون. لەکاتێکدایە شارە عێراقییەکان لە ئامادەکاریدان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد. هاوتا لەگەڵ خواستی گەل بۆ رێچکەی نیشتمانی، کە حکومەتی عێراقی سوورە لەسەر پیادەکردەن و رۆیشتن لەسەر ئەو رێچکەیە".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە چەمکی "ئاساییکردنەوە" رەتدەکرێتەوە لە رووی دەستوور و یاسا و سیاسییەوە لە دەوڵەتی عێراق. راگەیێندراوەکە دەڵێت: "حکومەتی عێراق بە روونی هەڵوێستی مێژوویی نەگۆڕی خۆی دەربڕیوە، کە پشتوانی رەوشی دادپەروەرانەی فەڵەستین و بەرگریکردنە لە گەلی فەڵەستین. لە سەرووی هەموویانەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە پایتەختەکەی قودس بێت. هەروەها بە هەموو شێوەیەکیش نیشتەجێبوون و پەلاماردان و هێرشکردن و داگیرکردن رەتدەکاتەوە کە ئیسرائیل لە دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدات".

هاوكات موقتەدا سەدر لەسەر کۆنگرەی ئاشتی لەهەولێر کە داوای ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل‌و عێراق کرا هاتەدەنگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێویسته‌ ئه‌وكه‌سانه‌ هه‌رچى زوه‌ ده‌ستگیربكرێن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هه‌مویان تیرۆریستن".

لەڕاگەیەندراوێکدا، موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لەحکومەتی عێراق کردوە، هه‌رچى زوه‌ ئەوکەسانە دەستگیربکات کە بەشداربون لەو کۆنگرەیەى له‌شارى هه‌ولێر سازكراوه‌.

سەدر ئەندامانی کۆبونەوەکە بەتیرۆریست ناودەبات‌و داوادەکات بەرپرسانی هەولێر ڕێگە لەکۆبونەوەی لەو جۆرە بگرن.

رۆژنامەی ئەلیکترۆنی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لەبارەی کۆنگرەکەوە پرسیاری لە، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کردووە و لە وەڵامدا وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتوویەتی: "ئەو رووداوە لە عێراق سەرچاوەیەکی هیوا و گەشبینییە. ئیسرائیل هەمیشە بە شوێن رێگەیەکدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئاشتی، ئێمە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە سەرانسەری جیهان کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئەوە".

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سوودی بۆ هەموو ناوچەکە دەبێت و هاوکار دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە تووندئاژۆیی و پشێوی کە لەلایەن ئەکتەرە رەشبینەکانەوە پێشکێشکراوە بەرامبەر بە سەقامگیری، گەشەسەندن، میانڕەوی و هاوئاهەنگی. خەڵکی جوو پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵیان لەگەڵ عێراقدا هەیە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ بە خەڵکی عێراق دەڵێین، زۆر زیاترمان هەیە کە یەکمان دەخات وەکو لەوەی کە هەمانە و جیامان دەکاتەوە، هەروەها زۆر زیاتر هەیە کە بەدەستیبهێنین لە ئاشتی وەکو لە ململانێی ناپێویست".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار