‌ئێران هەنگاوە سەربازییەكانی پێشدەخات

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو حكومەتی نوێ، ئاماژەكانی گۆڕانكاری لەپلانی كۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەدی دەكرێت كە پەنابردنە بەر هێزی سەربازییە بۆ سەلماندنی پێگەیان.

حكومەتی پێشووی ئێران بەسەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی زیاتر هەوڵی دەدا بەنواندنی دیپلۆماسیی پێگەی كۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لەكاردانەوە توندەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت دوای هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و هەڕەشەكردن لەهێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق و جێگیركردنی تۆپخانەكانی لەنزیك سنورەكانی ئازەربایجان بەدیدەكرێت جێگۆڕكێی نواندنی سیاسییە بۆ نمایشی هێزی سەربازیی لەپلانی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێراندا.

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كەخاوەنی پێگەی سەربازیی بەهێزەو بە (13)یەمین هێزی سەربازیی لەجیهاندا ئەژمار دەكرێت، بۆیە دور نییە ئەو وڵاتە دوای نەهاتنەدی خەونەكانی بەسیاسەت پەنا بۆ دەرخستنی هێزە سەربازیی و چەكدارییەكانی بەرێت بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی.

سوپایەك لەژمارە بەبودجەی كەمەوە

هێزە چەكدارەكانی ئێران لەسێ دامەزراوەی جیاواز پێكدێن كەبریتین لەسوپای كۆماری ئیسلامی ئێران (ئەرتەش) ، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (سوپای پاسداران) هێزەكانی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران (نیروی ئینتیزامی)، ئەم سێ دامەزراوە سەرەكییە لەلایەن ناوەندی گشتی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەرپەرشتی و كۆنتڕۆڵ دەكرێن كەفەرماندە باڵاكانیان پێكدێن لە (14) لیواو ئەوانیش راستەوخۆ فەرمان و بڕیار لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرن، چونكە بەپێی یاساو دەستوری ئێران رێبەری وڵاتەكە فەرماندەی گشتیی سەرجەم هێزە چەكدارەكانە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان ژمارەی سەرجەم هێزە چەكدارە ئامادەكانی ناوخۆی ئێران (610) هەزار كەسەو نزیكەی یەك ملیۆن و (300) هەزار ئەندامی ناچالاكی هەیە كە لەكاتی جەنگدا بانگهێشت دەكرێن و هاوكات ئەو وڵاتە خاوەنی زیاتر لە دوو ملیۆن و (600) هەزار چەكدارەو بەگشتی هێزە چەكدارە فەرمی و نا فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی چوار ملیۆن و (500) هەزار كەس و بەمەش لە رووی ژمارەوە پێنجەم سوپای گەورەی چەكداریی جیهانە.

ناوەندی نێودەوڵەتیی تووێژینەوەی ئاشتیی ستۆكهۆڵم (Stockholm International Peace Research Institute) لەراپۆرتێكیدا بودجەی ساڵی (2008)ی هێزە چەكدارەكانی ئێرانی بەزیاتر لەنۆ ملیار دۆلار خەمڵاندووە كە دەكاتە نزیكەی (3%) تێكڕای داهاتی وڵاتەكە، بەڵام بەپێی راپۆرتی سایتی سەربازیی (defense tech) رێژەی تێچوی سەربازیی ئێران بۆ هەر هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە لەساڵی (2008) نزیكەی (95) دۆلار بۆ (100) دۆلار بووە، بۆیە بودجەی سەربازیی ئێران لەسەرجەم وڵاتانی كەنداو كەمتر بووە لەو ساڵەدا.

لەئامارەكانی ناوەندی تووێژینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتیی لەندەن لەساڵی (2006) ئاماژە بەوە كراوە كە بودجەی تەرخانكراوی ئێران (2.5%) لەتێكڕای داهاتی وڵاتەكە بووە، بۆیە لە رووی تەرخانكردنی بودجەوە (67)ەمین وڵاتە كە رێژەیەكی كەم لەتێكڕای داهاتەكەی بۆ هێزە سەربازییەكانی بەكاردەهێنێت.

سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران - ئەرتەش

سوپای رەسمیی وڵاتی ئێران بەئەرتەش ناودەهێنریت و لەساڵی (1900)ەوە  لەلایەن رەزا پەهلەوی، پاشای ئەوكاتی وڵاتەكە وەك هێزێكی سەربازیی هاوچەرخ دامەزراوەو لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بەئەرتەشی شاهەنشا واتە (سوپای پاشایەتی) ناوزەد كراوەو دواتر لەساڵی (1979) ناوی بەئەرتەشی كۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕاوە.

ئەگەرچی ئەركەكانی ئەرتەشی ئێران دیاریكراوەو بەپێی دەستور نابێت ئەو هێزانە بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ سیاسییەكان و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی دژی خەڵكی وڵاتەكە بەكاربهێنرێت، بەڵام سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ناوەندەكانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانەوە تۆمەتبارە بەسەركوتی خەڵك لەبەرژوەندیی دەسەڵاتی وڵاتەكەدا.

ئەرتەشی ئێران ئەركی پاراستنی خاك و سەرجەم سنورەكانە لەپێناو سەروەریی وڵاتەكەدا، بۆیە ئەم هێزە سەرنجی لەسەر پاراستنی وڵاتەكەیە لە رووی ئاوو خاك و ئاسمانەوە كە لەپێنج هێزەی سەرەكی پێكدێت.

1-هێزی وشكانیی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (350) هەزار سەرباز.

2-هێزی ئاسمانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (52)هەزار سەرباز.

3-هێزی دەریایی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی (180) هەزار سەرباز.

4-هێزی بەرگریی ئاسمانی یان قەڵغانی ئاسمانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران كەژمارەیان نادیارە.

5-ناوەندی راهێنان و مەشقی ئەفسەرانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران (دژبان) كە ژمارەیان نادیارە.     

ئەرتەشی ئێران بەبێ هێزەكانی سوپای پاسداران هەشتەمین هێزی گەورەی سەربازییە و لە رووی بەهێزیی و تواناوە لە ریزبەندی (14)یەمین سوپاكانی جیهانە كەخاوەنی دوو هەزارو (531) تانك و زرێپۆشە و (406) فڕۆكەیە و بەچوارەم هێزی گەورەی جیهان لە رووی دەریاییەوە ئەژمار دەكرێت و یەكەمین هێزی رۆژئاوای كیشوەری ئاسیایە.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی - سوپای پاسداران

سوپای پاسدارانی ئێران بەراورد بەئەرتەش مێژوویەكی ئەوتۆی نییە و لەساڵی (1979) بەفەرمانی راستەوخۆی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو رێبەری ئەوكاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەناوی (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی) دادەمەزرێت ئەو سوپایە بەپێی بەرنامەو پلانەكانی خۆی باسكی چەكداری شۆڕشی ئیسلامییە لەئێران و ئەركی پاراستنی ئەو شۆڕشە لەهەر شوێنێك كەمەترسیی لەسەر بێت، بۆیە سوپا بەبێگوێدانە سنوری وڵاتەكەی كارو چالاكییەكانی دەباتە درەوەی ئێران و ئەو جموجۆڵ و پلانانەی كە لەوڵاتانی دیكەی دراوسێ و بگرە كیشوەرەكانی دیكەش ئەنجامی دەدات بەئەركێكی سەربازیی و ئەخلاقیی خۆی ناوی دەهێنێت لەپێناو پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و جیهاندا بۆیە لەساڵی (2019) ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەو سوپایەی وەك هێزێكی تیرۆریستی ناوبردو لەبەرامبەردا پەرلەمانی ئێران سەرجەم هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكاو وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە (پنتاگۆن)ی خستە لیستی تیرۆرەوە و بودجەی سوپای پاسدارانی بەبڕی نزیكەی (300) ملیۆن دۆلار زیاد كرد.

سوپای پاسداران (125) هەزار ئەندامی هەیەو بەسەر پێنج هێزدا دابەش بووە كەبریتین لە: 1- هێزی وشكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی 2- هێزی ئاسمانیی و بۆشایی ئاسمان 3- هێزی دەریایی 4- هێزی قودس 5- رێكخراوی بەسیج.

سوپای پاسدارانی رایگەیاندووە تەنها ژمارەی ئەندامانی بەسیج نزیكەی (25) ملیۆن كەسە كەدەكاتە زیاتر لە یەك لەسەر چواری كۆی دانیشتوانی ئێران كەژمارەیان (84) ملیۆن كەسە.

وشەی بەسیج بەواتای هەڵمەت و هەرەوەزەو ئەو رێكخراوە كاری رێكخستن و دروستكردنی لایەنگریی بۆ كۆماری ئیسلامی دەكات لەناوخۆ و دەرەوەی ئێران، زیاتر بەباڵێكی مەدەنیی لەقەڵەمدەدرێت كە لەكاتی جەنگ و پێویستیدا ئەندامەكانی بۆ خزمەت و بەشداریی جەنگەكان بەكاردەهێنرێن.

سوپای پاسداران تۆمەتبارە بەكۆمەڵێك تاوانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی كەبریتین لە (ئابوریی و داهاتی ناشەرعی و كۆنتڕۆڵی (40%) كۆی ئابوریی ئێران، گواستنەوە و بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان، سیخوڕی لەوڵاتی كوەیت، (تەقینەوە لەسعودیە، بەحرەین، هندستان) پەیوەندیی لەگەڵ موحەمەد مورسی، سەرۆكی پێشوی میسر، پەیوەندیی لەگەڵ گروپی تاڵیبان لەئەفغانستان و گروپەكانی فەتح و حەماس لەفەلەستین و حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەكان لە یەمەن).

دەستوەردانەكانی سوپای پاسداران لەعێراق، سوریا، یەمەن و كاركردن لەبواری موشەكیدا بەبەردەوامیی بووەتە هۆی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتیی بەسەر ئێران و ئەو هێزەدا.

برایان هوك نوێنەری پێشوی ئەمەریكا لەنەتەوەیەكگرتوەكان رایگەیاندووە كە (603) سەربازی ئەمەریكی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەعێراق كوژراون، بۆیە قاسم سولەیمانی، وەك فەرماندەیەكی سوپای پاسداران و ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی گروپی داعش هیچ جیاوازییەكیان نییەو  لە لایەن ئەمەریكاوە وەك تیرۆریست دەناسرێن، هەر ئەمەش وای لەئەمریكا كرد فەرمان بەكوشتنی هەردووكیان بدات.

سوپای پاسداران دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی كەوتووەتە لیستی رەشی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینیستاگرام و هەر جۆرە پۆستێكی پەیوەندیدار و پڕوپاگەندە بۆ سوپای پاسداران دوای ماوەیەكی كورت لەئینیستاگرام لادەبرێت و دەسڕێتەوە.

هێزەكانی پۆلیسی كۆماری ئیسلامی ئێران - نیروی ئینتیزامی

هێزەكانی پۆلیسی ئێران كە دابەشبوون بەسەر سێ دامەزراوەدا ژمارەیان دەگاتە (60) هەزار ئەفسەرو پلەدار.

 دامەزراوەكانی پۆلیس بریتین لە 1-ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیس 2-ناوەندی پاراستنی زانیاریی پۆلیس 3 ناوەندی بیروباوەڕی هێزەكانی پۆلیس.

یەكێك لەئاڵۆزترین سیستمە پۆلیسییەكانی جیهان لەئێرانە، چونكە هێزەكانی پۆلیس بەسەر سێ ناوەندو (12) بەشی سەرەكیدا دابەش دەبن و لە رێگەی ناوەندێكی سەرەكییەوە ئەندامانی ئەو هێزە چاودێریی و كۆنتڕۆڵ دەكرێن كە بەناوەندی پاراستنی زانیاریی هێزەكانی پۆلیس ناودەهێنرێت، ئەم ناوەندە راستەوخۆو سەربەخۆ لەهێزەكانی دیكە پەیوەندیی بەخامنەیی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانەوە هەیەو هاوكات ناوەندێكی دیكە كەبریتییە لەناوەندی بیروباوەڕی هێزەكانی پۆلیس، ئەركی راهێنان و پڕوپاگەندەی ئەو هێزانەیە لەپێناو دین و ئایینی پەسندكراوی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە هەركەس و لایەنێك بەبیانوی بیروباوەڕی جیاوازەوە لەلایەن ئەو ناوەندەوە رەتبكرێتەوە لەهێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دوردەخرێتەوە.

هەروەها تەنها ناوەندێك كەوەك پۆلیس ئەرك و فەرمانەكانی دەردەكات، ناوەندی فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی ئێرانە كە بەرپرسیارە لەجێبەجێكردنی یاساكان لە رووی هاتوچۆ، ئاسایشی مەدەنی و  ئابوریی، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، رێگریی لەقاچاخچێتی و چاودێریی هێڵەكانی ئینتەرنێت.

قودس هێزە مەترسیدارەكەی ئێران

سوپای قودس یان فەیلەقی قودس بەپێنجەمین هێزی سەرەكی و باڵی سیاسی و سەربازیی  سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لەدەرەوەی سنورەكانی ئێران لەقەڵەمدەدرێت، ئەو هێزە كە بۆ خۆی لەشێوەی ناوەندێكی سەربازیی سەربەخۆدا جموجۆڵ و كارەكانی رێكدەخات راستەوخۆ گرێدراوی فەرمان و بڕیارەكانی عەلی خامنەییە .

فەیلەقی قودس لەساڵی (1980) لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی نێوان ئێران و عێراق دامەزراوەو ئەو هێزە، ژمارەیان لە (50) هەزار سەرباز و چەكدار زیاترە كە لەلایەن قاسم سولەیمانی فەرماندەیی دەكرا ئەویش لەساڵی (2020) لەهێرشێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدای پایتەختی عێراق كوژراو دوایی بەفەرمانی عەلی خامنەیی، ئیسماعیل قائانی بەفەرماندەی فەیلەقی قودس دەستنیشان كرا.

قاسم سولەیمانی بەیەكێك لەمەترسیدارترین فەرماندەكانی فەیلەقی قودس ناودەهێنرا كە بەپێی راپۆرتە هەواڵگری و نێودەوڵەتییەكان و ئەمەریكاو پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەو كاریگەریی زۆری لەعێراق و لوبنان و سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و هەوڵی جەنگی لەدژی توركیا و سعودیە داوەو خەونی بەهێزكردنی دەسەڵاتی شیعەی هەبووە لەجیهاندا.

لەچەند بەڵگەنامەیەكدا كە رایت رۆبین فەرماندەیەكی ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرای كردووە ئەو فەیلەقە دەستوەردانی لەوڵاتانی سۆڤیەتی جاراندا كردووە و لەوڵاتانی رۆژئاواو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئیسرائیل جموجۆڵ و چالاكییان هەبووە و سەرجەم دەستوەردانەكانی سوپای پاسداران لەوڵاتانی دەرەوەی ئێران لەلایەن فەیلەقی قودسەوە سەرپەرشتیی دەكرێت و پلانی بۆ دادەڕێژرێت، بۆیە ئێران كەسایەتییە زیرەك و دەگمەنەكان دەكاتە سەرپەرشتیاری جموجۆڵی ئەو هێزە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار