سبەینێ پشگیریەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ زیندانیانی بادینان دەستپێدەكەین
ڕێكخەری كەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ڕێكخەری كەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان رایگەیاند:" سبەی دوو شەممە، کاتژمێر ۱٠ بۆ ۱۲ی سەرلەبەیانی، لە بەردەم دادگای شاروشارۆچکەکان چالاکی مەدەنی، بۆ پشتگیری لەزیندانیانی بادینان بەڕێوەدەچێت".دەڵێت:"داوا لە هەمو چین و توێژەکان، بە تایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین، ئامادەییەکی بەرفراوانیان هەبێت، لە پێناو پیشاندانی یەک دەنگی نیشتیمانی و بەرگری لە ئازادبونی رۆڵەکانی خۆتان، دەوامی فەرمیتان بگوازنەوە بۆ شوێنی چالاکیەکان".
بڕیارە سبەینێ دووشەممە لەبەردەم دادگای شاروشارۆچکەکانی هەرێمى کوردستان چالاکی مەدەنی، بۆ پشتگیری لەزیندانیانی بادینان بەڕێوەبچێت.
شۆڕش خدر، ئەندامی كەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان ، لە ناوخۆ و رەوەندی کوردی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" ئەم زیندانیانە زیاتر لە ساڵێكە دەستگیركراون و تائێستا هیچ پەراوێكی یاساییان بۆ نەكراوەتەوە، دور لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و دیموكراتی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" داوا لە هەمو چین و توێژەکان، بە تایبەت فەرمانبەران و مامۆستایان دەکەین، ئامادەییەکی بەرفراوانیان هەبێت، لە پێناو پیشاندانی یەک دەنگی نیشتیمانی و بەرگری لە ئازادبونی رۆڵەکانی خۆتان، دەوامی فەرمیتان بگوازنەوە بۆ شوێنی چالاکیەکان چونكە دەمانەوێ راستیەکی تاڵ بڵێین کە: نوێنەری چەند وڵات و لایەنێکی نێودەوڵەتی لە هەندێک کۆبونەوەی تایبەتدا بە راشکاوی ئەوەیان راگەیاندووە، کە ناکرێت خەڵکی خۆتان لە ئاستی کەیسی زیندانیان بێدەنگبن، کەچی داوای هاوکاری لە ئێمە بکەن!".
زیندانیانی بادینان زیاتر لە 81 كەسن كە چالاكوان و ڕۆژنامەنوس و كەسانی مەدەنیان تێدایە و هەر یەكەیان بە یاسایەك و بە ماددەیەك سزا دراون.
شۆڕش خدر، وتیشی:"ئێمە كۆمەڵێك چالاكوانین كەبە ئەركی ئەخلاقی خۆمانی دەزانین، ئەم كەمپینەمان سازكردووە چونكە پەیامی ئەمان پەیامی هەموو مرۆڤایەتیە و بۆیە دەمانەوێت ئەم كەمپینە بەرێوەبەین و بەردەوام دەبین".
ئەندامی كەپینەكە جەختی لەوەشكردەوە:"لەمەودوا ڕۆژ بە ڕۆژ چالاكییەكانمان گۆرانكاری بەسەوردا دێت بە شێوەی جیا جیاو تا ئەنجامی دەبێتن بەردەوام دەبین".
لەئێستادا دەیانەوێت بچنە بەردەمی هەموو دادگاكان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لە زۆر لە وڵاتانی جیهان ئامادەكاریان كردووە.
هاوكات ماوەی سێ هەفتەیە زیاتر لە شەش كەس لە زیندانیانی بادینان مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و ئێستا بارودۆخیان زۆر خراپە.