سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێک بڵاودەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پێشنیازی دروستكردنی یەك هاوپەیمانی بۆ سەرجەم پارتە چەپ و سۆسیالیستەکانی تورکیا دەكات بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کۆببنەوە و پەرە بەکاری هاوبەش بدەن.
ئەمڕۆ سێ شەممە، 5ی تشرینی یهكهمی 2021، دەمیرتاش لە نووسینێکیدا کە لە ژێر ناوی 'بە بێ هیوا ژیان ناکرێت' بڵاویکردووەتەوە پێشنیازی کردووە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان کۆببنەوە. لەگەڵ ئەم بانگەوازە دەمیرتاش ئاماژەی کردووە: "هەڵبەتە ئێوەی هەڤاڵانی دەرەوە باشتر دەزانن چی دەکەن. ئەمە تەنیا پێشنیازێکە بۆتانی دەکەم و دەکرێ بڵێین جومناستیکیکردنە بە بیرۆکەیەکەوە. دڵنیام هەدەپەش لە نێو کار و چالاکیی وەهادا دەبێت و بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیش دەبێت".
دەمیرتاش هەروەها دەڵێت بزووتنەوە و پارتە چەپەکان ئەرکی زۆریان دەکەوێتە سەر شان و نووسیوێتی: "ئەگەر دوای ئاکەپە لە تورکیادا دیموکراسی بنیات بنرێت، بەبێ چەپ و بە بێدەنگی رەنجدەران ناکرێ. بۆ ئەم مەبەستە بێ جیاکاری لە نێوان پارت، بزووتنەوە و کەسەکان، تەواوی هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان کۆنفرانسێک رێکبخەن و باس لەوە بکەن بەر لە هەڵبژاردن چۆن خەباتی هاوبەش دەکەن، هەمیش چۆن چۆنی لە هەڵبژاردندا هەڵوێستی هاوبەش نیشاندەدەن".
دەمیرتاش پێیوایە ئەگەر بەرژەوەندیی تاک و پارت بخرێتە لاوە، دەکرێ ئەم هەنگاوە بەرەو بنیاتنانی بلۆکێکی بەهێزی چەپ بچێت.
لەبارەی هەڵوێستی هاوبەش دەمیرتاش رایگەیاند کە مەرجیش نییە هەمووان لە یەک پارتدا کۆببنەوە.
ئەم پێشنیازەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەکاتێکدایە کە ئۆپۆزیسیۆن گوشار لەسەر حکومەت دروستدەکات و هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ تورکیا بە پێویست دەزانێت. لە بەرامبەردا ئاکپارتی ئاماژەی بە رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکات کە بەپێی ئەو رۆژژمێرە تاوەکو حوزەیرانی 2023 هیچ هەڵبژاردنێک ناکرێت.
