نەتەوە یەکگرتووەکان: کڕینی دەنگ بە رێگەی جیاواز دەکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند:" لەماوەی 24 كاتژمێر دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رابگەیێنێت". دەشڵێت: "کڕینی دەنگ بە رێگەی جیاوازەوە دەکرێت".
جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەگەیێندرێت و کۆمیسیۆن وانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو وەرگرتووە. هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێ، بەڵام بەرپرسیاریەتی ئەوان نییە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسندبکەن، چونکە ئەمە بەرپرسیاریەتی عێراقییەکانە.
کۆمیسیۆن بڕیاریداوە لەماوەی 24 كاتژمێر دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رابگەیێنێت.
جەنین پلاسخارت، ئاماژەی بەوەشکرد، تێستی ئامێرەکانی دەنگدان بە ئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگاریانەیە، کە رووبەڕووی کۆمیسیۆن دەبنەوە.
پلاسخارت وتی، ئەنجوومەنی ئاسایش پشتیوانییەکی گەورەی کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی چاودێرەکان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. 900 کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەڵبژاردن بەشداری دەکەن. هەر رێکخراوێکی عێراقیش لە هەموو ناوەندەکانی دەنگدان دەتوانن چاودێری پرۆسەکە بکەن. تەواوی جیهانیش چاودێری ئەو هەڵبژاردنە دەکەن، یەکەمجارەیشە نەتەوەیەکگرتووەکان چاوێر لە ناوەندەکانی دەنگدان لە هەموو عێراق بڵاوبکاتەوە، لەکاتێکدا پێشتر تەنیا لە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا بوو.
نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جەختی لەوەکردەوە، چاوێریکردن پەیوەندی بە دەستوەردان نییە، کۆمیسیۆن خۆی بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکان و رۆڵی سەرەکی دەبینێت، هەرچی ئەوانن تەنیا هاوکاری پێشکەش دەکەن و سەیری ئەوە دەکەن، کە روودەدات.
نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لەوەکرد، کڕینی دەنگ بە رێگەی جیاوازەوە دەکرێت: "بەداخەوە هەندێک لە كاندیدەكان سوود لە خراپی دۆخی هاووڵاتیان وەردەگرن، من دژی ئەوەم، پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت، ئەو حاڵەتە لە ناوچەکانی دیکەی جیهانیش روودەدەن، بەڵام نابێت هانی ئەمە بدرێت، دەنگ بابەتێکی کەسیییە و ناکرێت بفرۆشرێت. کۆمیسیۆنیش بەدواداچوون بۆ ئەو كاندیدانە دەکات کە کارتی دەنگدان دەکڕن، زانیاری هەن، بەڵام پێویستیان بە بەڵگەی پێویست هەیە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەوانەی کارتی دەنگدان دەکڕن.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2021 دا مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 کەسە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن.
