بایدن لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی (پاندۆرا) دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند:" حکومەتی وڵاتەکەی لەبارەی دۆسیەی (پاندۆرا) لێکۆڵینەوە دەکات، ئەویش بەئامانجی زانینی ئەو رێگایانە کە بەهۆیەوە سەرمایەداران خۆیان لە پێدانی باج بە دەوڵەت دزیوەتەوە.
ئەمڕۆ سێ شەممە، 5ی تشرینی یهكهمی 2021، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی (پاندۆرا) بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، واشنتن لەم کاتەدا تاوتوێی ئەو بەڵگەنامانە دەکات کە ماوەی چەند رۆژێکە یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنکۆڵکار (ICIJ) لەرێگەی بڵاوکردنەوەی نزیکەی 12 ملیۆن فایل، سەروەت و سامانی سەدان سەرکردەی سیاسی، ملیاردێر، هونەرمەند و کەسانی بازرگانی بڵاوکردوەتەوە، ئەوەش بەئامانجی دۆزینەوەی ئەو رێگایانەی بەهۆیانەوە سەرمایەداران خۆیان لە پێدانی باج بە دەوڵەت دزیوەتەوە.
بەڵگەنامەکانی یەکێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسانی بنکۆڵکار (ICIJ) کە بە بەڵگەنامەکانی (پاندۆرا) ناسراون، دۆسیەی سەروەت و سامانی 35 سەرۆک و سەرۆک وەزیران، زیاتر لە 300 بەرپرسی حکومی وەک وەزیر، دادوەر، جەنەڕاڵە سەربازییەکان و سەرۆکی شارەوانییەکان لە 90 وڵاتی جیهانی لەخۆگرتوە، لەگەڵ دۆسیەی سەروەت و سامانی زیاتر لە 100 ملياردێری جیهان.
لەراپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، ئەو سەرۆک و کەسایەتیانە بەشێکیان لەم کاتەدا لەدەسەڵاتن و بەشێکی دیکەشیان لەدەسەڵات دورکەوتونەتەوە، بەڵام سەروەت و سامانەکانیان لەناو ماڵ و موڵکە نهێنییەکانیان لەسەرتاسەری جیهان شاردوەتەوە، هەرچەندە بەشێکیان پاساوی ئەوەیان داوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی ئەو موڵکانەیان ئاشکرانەکردوە، بەڵام بەڵگەنامەکان باس لەوەدەکەن کە ئامانج لەو هەنگاوەیان بۆ خۆدزینەوە لەباج و یان کەمکردنەوەی پێدانی باج بوە.
لەدیارترین ئەو کەسانەی ناویان لەناو لیستەکەدا هاتوە پێکهاتون لە شا عەبدوڵای دوەم پادشای ئوردن، تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا، کەسانی نزیک لە ڤیلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا و عیمران خان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی چیک و کینیا و سەرۆکی ئێکوادۆر.
