بڵێسە جەبار فەرمان: تەنها رێگە بۆ گۆڕانکاریی لە سیمای گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەنگدانە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" تەنها رێگە بۆ گۆڕانکاریی لە سیمای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراقدا دەنگدانە ".

ئەمڕۆ سێ شەممە، 5ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  بڵێسە جەبار فەرمان لەنوسینێکدا باسی لەوەشکردوە، "بەپێی پێشبینیی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، گومان دەکرێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەم جارەی عیراق، رێژەی بەشداربووان کەمتر بێت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، ئەمەش بە وتەی ئەو چاودێرانە چەند هۆیەکی لە پشتەوەیە لەوانەش: رێگریکردنە لە دەنگدانی هاووڵاتیانی عیراق لە تاراوگە، بەشداری نەکردنی بزوتنەوەکانی تشرین لەم هەڵبژاردنەدا، هەروەها  بەشێک لە هاووڵاتیانی ناڕازی، لەو بڕوایەدان بە دەنگدان گۆڕانکاریی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا نایەت چونکە دەبینن زۆرێک لەو کەسانەی کاندیدی حزبەکانن یان خۆیان بە سەربەخۆ کاندیدکردۆتەوە بۆ خولی داهاتوو، چەند خولێکی پێشوو پەرلەمانتار بوون."

ئاماژەی بەوەشکردوە، "سێ نەوەی دوای کۆتا هەڵبژاردن لە 2018 کە ئێستا تەمەنیان 18 ساڵە و مافی دەنگدانیان هەیە، کارتی بایۆمەترییان پێنەدراوە، واتا موالیدەکانی 2001-2003. بەم بڕیارەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رێژەی دەنگدان بەرز دەبێتەوە، ئەگەرچی دیار نییە ئاخۆ چەند لەوانە بایکۆتی دەکەن. هەروەها رێژەی بەشداربوون کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی نابێت، بەڵام لە ئێستاوە بانگەشە بۆ زۆریی رێژەی بەشداربووان دەکرێت."

بڵێسە جەبار فەرمان دەڵێت، "گرنگە کە هاووڵاتی ئەم راستییە بزانێت و ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەسێتی خۆی پیادە بکات و دەنگ بدات.تەنها رێگەش بۆ گۆڕانکاریی لە سیمای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراقدا دەنگدانە، ئەگەرچی گۆڕانکارییەکە بچووکیش بێت. "

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار