پەروەردە و تەندروستی داوا لە مامۆستایان دەكەن ڤاكسین وەربگرن
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن و تووشبوونی دەیان مامۆستاو خوێندكار بەپەتاكە، وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەڵێن:» ئامادەنین وەرگرتنی ڤاكسین بكەینە ئیجباری بەسەر مامۆستایانەوە».
بریكاری وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند:» ناتوانین وەرگرتنی ڤاكسین بۆ مامۆستایان بكەینە ناچاری».
سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» هەندێك كەس هەیە دەڵێت حەساسیەتی پێی هەیە یان نەخۆشەو یاخود نایەوێت وەریبگرێت، كە بەداخەوە تائێستاش ئەو ترس و دودڵییە هەرماوە لەوەرگرتنی ڤاكسین».
ناوبراو پێشیوابوو وەزارەتەكەیان زۆر رێكاری پێویستیان گرتۆتەبەرو لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی و نووسراوەوە ئاگاداریان كردوونەتەوە و هەوڵیانداوە مامۆستایان هەموویان بچن ڤاكسین وەربگرن، وتیشی:» بەڵام ناتوانین لەئەوە زیاتر بكەین و ناچاریان بكەین ڤاكسین وەربگرن».
بریكاری وەزارەتی پەروەردە جەختی لەوەشكردەوە لەمەودوا هەموو مامۆستایان دەچن ڤاكسین وەردەگرن، چونكە پێویستە وابكرێت، ئەگەر نا حاڵەتەكانی تووشوبانی كۆرۆنا زۆر زیاتر دەبن.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت دۆخی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستاندا لە رەنگی نارنجی تۆخدایە و ئاستەكە بەرزە، بۆیە داوا دەكات مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» ناكرێت وەك وەزارەتی تەندروستی، وەرگرتنی ڤاكسین بكەینە ناچاری چونكە ئەوە لەهیچ شوێنێك نەكراوەو ناكرێت».
هەروەها ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە لەئێستادا بەڕێنمایی وەزارەت ناردویانەتە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەكان ئەو مامۆستایانەی كە نایانەوێت ڤاكسین وەربگرن دەبێت هەموو هەفتەیەك پشكنینی پێویست بكەن واتە هەموو شەممەیەك پشكنینی تازەی كۆرۆنا بكەن بۆ دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان، وتیشی:» هەر مامۆستایەك ڤاكسینی وەرنەگرتبێت و كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی پێنەبێت دەبێت هەموو شەممەیەك پشكنینی تازەی كۆرۆنای پێبێت ئەنجا دەتوانێت وانە بڵێتەوە».
لەبارەی دۆخی گشتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆرۆنا، بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئەوەی دووپاتكردەوە كەدۆخەكە مەترسیدارە، وتی:»لە رەنگی نارنجی تۆخداین و ئاستەكە بەرزە، بەداخەوە پێشبینیمان دەكرد ئەم شەپۆلە زۆر زووتر تێپەڕێت»