كۆچبەران؛ لەنێوان سنووری بیلاڕوسیا‌ و پۆڵەندا لەسەرمادا رەق دەبنەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



كاوە رەش

لەنزیك سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا، رۆژنامەوانی ئەوروپای  تۆڕی بی،بی،سی، (نایك بەیكی) چاوی دەكەوێت بەژمارەیەك كۆچبەر، كە لەناو دارستانەكانی سەرسنوور گیریان خواردووەو رەوشی ژیانیان مەترسیدارە. شەوان پلەی سەرما دەگاتە ئاستی بەستن و تائێستا چوار كۆچبەر لەسەرمان لەوێ رەقبوونەتەوە.

لەبەرامبەر سەرهەڵدانی كۆچی نایاسایی لەو سنورەدا، هەریەكە لەئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، پۆڵەندا، لاتیڤیا و لیتوانیا، دۆخی فریاگوزاری لەناكاویان راگەیاندووە، بەهۆی هاتنی هەزاران كۆچبەر كەهەوڵ دەدەن لەبیلاڕوسەوە تێبپەڕن بۆ یەكێتی ئەوروپا.

هاوكات یەكێتی ئەوروپا، ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ، سەرۆكی بیلاڕوسیا، تۆمەتبار دەكات بەوەی كۆچبەران وەك چەك بەكاردێنێت، لەدژی وڵاتانی ئەوروپا، لەبەرامبەر كۆمەڵێك سزای ئابوریدا كە بەسەریدا سەپێندراوە. لەلایەكی دیكەشەوە وڵاتی پۆڵەندا، بەتەواوەتی رێگا بەچالاكوان و كارمەندانی رێكخراوە مرۆییەكان و رۆژنامەنووسان نادات بگەنە ناوچە سنوورییەكان و  رێگای لێ قەدەغەكردوون، بۆ هاوكاریی و بەئاگابوون لەڕەوشی كۆچبەرانی گیرخواردوو.

رۆژنامەوانەكەی تۆڕی (بی، بی، سی) ژمارەیەك كۆچبەر دەدۆزێتەوە لەدارستانەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا، كەبەشێكیان خەڵكی نەیجیریاو عێراقن و لەسەرمان هەڵدەلەرزن.

كۆچبەرەكان بە رۆژنامەوانەكەی دەڵێن سێ هەفتەیە لەلایەن پاسەوانانی سەرسنوری بیلاڕوس پۆڵەندا دێن و دەڕۆن، هیچ كامیان رێگایان پێنادەن بچنە ناو وڵاتەكەیانەوە. ئەوان دەڵێن; وەك تۆپی پێ، یاریمان پێدەكەن، سەربازانی بیلاڕوس، لێماندەدەن و دەماننێرنە سەرسنوری پۆڵەندا، دواتر  سەربازانی پۆڵەندا، دەمانگرن و بەلێدان دەماننێرنەوە سنوری بیلاڕوس.

یەكێك لەكۆچبەرەكان دەڵێت:» شەوان لەنێوان كاتژمێر 8 بۆ 12 سەربازانی بیلاڕوس پێمان دەڵێن بەڕێبكەون بۆ سنوری پۆڵەندا  ئێستا سنوری كەسی لێ نیە، دەبێ بەژێر تەلبەندەكەدا خۆمان بەزەویدا بخشێنن و بپەڕینەوە ئەودیو سنور، بەڵام كاتێك سەربازانی پۆڵەندا دەمانگرن، دیسانەوە بەلێدان دەماننێرنەوە سنوری بیلاڕوس».

رۆژنەمەوانەكەی بی،بی،سی ئەوەشی باسكردووە كە وەك دیارە ژمارەیەكی زۆر كۆچبەری لێرە دەبیندرێت، بەشێكیان رەوشیان خراپە، بۆیە داوای پزیشكیان كردووەو ئێستا چاوەڕێن كە سەربازەكان رێبدەن بگاتە لایان، چونكە بەشێكیان لەژێر رەوشێكی ترسناكی تەندروستیدان و لەسەرمان هەڵدەلەرزن.

قەیرانی كۆچبەران لەناوەڕاستی ئەوروپادا، بۆتە جێگای نیگەرانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، بەوەی نازانن چی لەوێ دەگوزەرێت بەهۆی رێگانەدان بەڕێكخراوە مرۆییەكان و رۆژنەمەوانان، بۆ گەیشتنیان بەو ناوچانەی كۆچبەران گیریان لێ خواردووە.

بەپێی ڤیدیۆیەك كەدەسەڵاتدارانی بیلاڕوس بڵاویانكردۆتەوە، نیشانی دەدات، كە لاشەی ژنێكی عێراقی لەسەرمان رەق بۆتەوە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا كەوتووە.

كەهاوسەرەكەی دەردەكەوێت دەڵێت» سێ كەسی دیكەش هەر ئەو شەوە لێرە لەسەرمان رەق بوونەتەوەو گیانیان لەدەستداوە».

هەر لەناو دارستانەكان گەنجێكی عێراقی تەمەن ،٢٠ساڵان بەناوی جەعفەر دەڵێت:»سێ رۆژە، بێ خواردن و خواردنەوەی دەژین، لەگەڵ ئەوەش

بەهۆی سەرمای زۆرەوە، تووشی نەخۆشی هایپۆسێرمیا بووە».

بۆ رێگری كردن لەكۆچبەران پەرلەمانی پۆڵەندا، دەنگی بە یاسایەك داوە كەڕێگا بەپۆلیس و سەربازانی وڵاتەكەی دەدات، كەدەتوانن رێ لەكۆچبەران بگرن و بیانگەڕێننەوە ئەودیو سنوری وڵاتەكەیان، سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارە دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە دەربارەی كۆچبەران.

ماتیوزس مۆڕاویكی، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا، رایگەیاند:» هەڕەشەی جدیی و رێكخراو لەسەر سنوری وڵاتەكەمان هەیە، بۆیە بەدڵنیاییەوە رێ نادەین بۆشایی دروست بێت بۆ گوشارخستنە سەرمان بەناردنی كۆچبەران».

وڵاتانی ئەوروپا بیلاڕوس تۆمەتبار دەكەن بەبنیادنانی قەیرانی كۆچبەران لەسەر سنورەكانی ئەوروپا.

لەبەرامبەریشدا بیلاڕوس، سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا بەبەرپرس دەزانێ لەو دۆخەی كۆچبەران.

بەشێك لەكۆچبەران دەڵێن، ئەگەر بیلاڕوس دیپۆرتیان بكاتەوە ئاساییە، دەڵێن; لەوڵاتی خۆمان بمرین باشترە نەك لەناو ئەو دارستانەدا لەسەرمان رەق ببینەوە، بەڵام ئەوان بەڵگەنامەو پاسپۆرت و سیم كارتەكانیان لەلایەن سەربازانی بیلاڕوسەوە دەستی بەسەرداگیراوە، بەوتەی خۆیان ناتوانن پەیوەندی  بەكەسوكاریشیانەوە بكەن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار