یەكگرتوو: هەڵبژاردن هەنگاوێكی بنەڕەتیە لەپرۆسەی گۆڕانكاری

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی دەڵێت، "پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك، نەكەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایكۆت بكەن".

ئەمرۆ سێشەممە، 5ی تشرینی یەکەم. سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین پەیامێكی ڤیدیۆی بڵاوکردەوە وتیشی، "نەكەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایكۆت بكەن و لە داخی نادادی و ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵات، نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە لە مافێكی یاسایی خۆتان مەحروم ئەكەن و لە ئەركێكی شەرعی خۆتان دوا ئەكەون و فرسەت بەكەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات".

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەكێك لەپیلانی گەندەڵكاران و خەڵكە نابەرپرسەكان ئەوەیە كە هەوڵ ئەدەن هاوڵاتیان بێ هیوا بكەن لەگۆڕانكاری   و دەیانەوێ مەئیوسیان بكەن لە چاكسازی و ناچار بكرێن بەڕازی بوون بە نادادی و واقعی چەقبەستوی سەقەت، هەڵبژاردن هەنگاوێكی بنەڕەتیە لەپرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا و ئەمڕۆ بەدیلی نیە لە كۆمەڵگەی

ئێمەدا".

دەقی پەیامەكە:
بسم الله الرحمن الرحیم
جەماوەری خۆشەویست و شەرەفمەندی كوردستان
سڵاوی خودای پەروەردگارتان لێ بێت..
وا هەڵمەتی هەڵبژاردنە چارەسەنوس سازەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆتاییدایە.. هەڵبژاردنێكی بایەخدارو هەستیارەو لە هەلومەرجێكی هەستیاری ناوچەكە و عێراقدا ئەنجام ئەدرێت.. هەرێمی كوردستان زۆر لەجاران زیاتر پێویستی بەئامادەیی و حزورە لە بەغدا.. پێویستی بەناردنی كەسانێكی شارەزاو بوێر و دڵسۆزی گەل و نیشتیمانە.. كەسانی ڕابردوو پاك و جێگای متمانە نەك تەنیا گەندەڵ نەبن بەڵكو دەبێ ڕێگە بگرن لەگەندەڵكاری و لەبەغداوە چاودێری ماف و ئەركی هەرێم و ناوەند بكەن و داكۆكی لە پشكی مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان بكەن،  ئێمە دەمانەوێ كەسانێك بنێرینە ئەو پۆست و پێگەیە بەهیچ نەخەڵەتێن و لەهیچ نەترسێن، قەومچیەتی درۆینە نەكەن و نیشتیمان نەفرۆشن و لەگەندەڵی نەگلابن و پابەندبن بەشناس و ئاینی گەلەكەیان و خەمەكانی هاوڵاتی دەنگدەری بازنەكەیان هەڵگرن و نوێنەرێكی دروست و وەكیلێكی ئەمین بن..
ئەبێ لەو كەسانە بن كە پابەند ئەبن بە بەڵێنەكانیانەوە و لەگەڵ خودا و خەڵقی خودا راست ئەكەن..
هاوڵاتیانی سەربڵند:
+ پرۆسەی هەڵبژاردن باشترین بەرهەمی عەقڵی مرۆڤەو تاكە بژاردەی مەشروع و شارستانی و گونجاوە بۆ دیاریكردنی نوێنەرانی خەڵك لەسەنتەری بڕیارو یاسادانان و ئیدارەی وڵاتدا..
بۆیە نەكەن بەپاساوی گلەیی و بێ زاری بایكۆت بكەن و لەداخی نادادی و ستەم و گەندەڵی و قۆرخكاری دەسەڵات،نەچن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن، چونكە بەوە لە مافێكی یاسایی خۆتان مەحروم ئەكەن و لەئەركێكی شەرعی خۆتان دوا ئەكەون و فرسەت بەكەسانی نەشارەزاو لێ نەهاتوو ئەدەن نوێنەرایەتیتان بكات..
+ یەكێك لەپیلانی گەندەڵكاران و خەڵكە نابەرپرسەكان ئەوەیە كە هەوڵ ئەدەن هاوڵاتیان بێ هیوا بكەن لە گۆڕانكاری   و دەیانەوێ   مەئیوسیان بكەن لەچاكسازی و ناچار بكرێن بەڕازی بوون بە نادادی و واقعی چەقبەستوی سەقەت، هەڵبژاردن هەنگاوێكی بنەڕەتیە لەپرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا و ئەمڕۆ بەدیلی نیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا.
دەنگدەرانی بەرێز ...
+ ڕاستە لەبانگەشەدا قسەو گوتاری جۆراوجۆر دەكرێ و موزایەدەی زۆر هەیە و هەرلایەنەش باسی جوانی خۆی ئەكات و ناشرینی بەرانبەرەكانی دەرئەخات..
بەڵام سەلامەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوری لە توندوتیژی لە هەڵمەتی ئەم پرۆسەیەدا جێگای دڵخۆشیە و بایەخی خۆی هەیە. ڕكابەری و منافەسەی هەڵبژاردن سروشتیەو بەمانای ناحەزی و دوژمنایەتی نیە.. بەشەیتانكردنی یەكتر ڕەوشتێكی دواكەوتوەو سیاسەت نابێ خاڵی بكرێتەوە لەبەهاو ئەخلاق..
+ ڕۆژی 8/10 دەنگدانی تایبەت و  10/10  دەنگدانی گشتی مەراسیمی نەخشاندنی مێژوویەكی نوێ یە.. دەبێ دەنگدەران بەئیرادەو بەهیمەت و ئارامیەوە بچنەسەر سندوقەكان و گشت چاودێرو بریكاری لایەنەكان و كارمەندەكانی كۆمسیۆن و سەرجەم هاوڵاتیان بەهاوكاری یەكتر پرۆسەكە بڕازێننەوە..
+ ئێمەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هێزێكی مرۆیی و فیكری و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی كاریگەرو ڕەسەنی ئەم وڵاتەین.. بەقەناعەت و ئەدەبیاتی خۆمان لەسەنگەری خزمەت و خەباتداین، خۆمان بە بەختەوەر ئەزانین كە لەم پرۆسەیەدا بە پشتیوانی لەپۆلێك براو خوشكی شایان و شیاو بەشداریمان كردووە..
سەبارەت بەو شەش كاندیدە بەڕێزەی كە ئێمە پاڵپشتیان ئەكەین.. دڵنیایی ئەدەین بەجەماوەری كوردستان  لەسەر دڵسۆزی و تواناو بوێری و شایستەییان..
+  كاندیدەكانمان بەدیدو قەناعەتی ئێمە شایستەیی ئەم ئەركە گەورەیان هەیە.. تەمەن و ڕابردووی ئەم بەڕێزانە شایەتە لەسەر ئەوەی كەسانێكی دەست پاك و دڵسۆزو بوێرن.. ئەركی نوێنەرایەتی و وەكالەت ئەزانن و بەو پەڕی توانایانەوە داكۆكی لەمافی هاوڵاتیان ئەكەن..  خاوەنی بیروباوەڕن و داكۆكی لەئاین و شناسی گەلەكەیان و بەرگری لە مافە دەستوریەكانی هەرێمەكەیان ئەكەن.. بەدور لە هەڵاو چەواشەكاری مامەڵە لەگەڵ نوقسانی و ناشیرینیەكانی بەرانبەرەكانیان ئەكەن.. ڕێگری لە مونكەرو بەرگری لە مەعروف ئەكەن بە ئەدەبیات و ڕەوشتێكی شارستانی و مەشروع.. سەقامگیری ئەمنی و حوكمی ڕەشید و گەشەی ئابوری وڵات و دادگەری و خزمەتگوزاری و ئازادیەكان ئامانجیانەو هەرگیز لەگەڵ پشێوی نانەوەو تێكدان و گشتاندن نین و دژن بە گەندەڵی و پیس خۆری و نادادی.. حەرامخۆری و گەندەڵی بەنەخۆشی ئەزانن و قۆرغكاری ئیداری و ئابوری بە تاوان ئەناسن و پێشلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادیەكان بەدەردێكی كوشندە ئەبینن، پەروەردەی مەدرەسەی یەكگرتوون و پەیڕەوی ڕەوتی ئیصلاح و چاكسازین..
بۆیە داواكارم لەئەندام ولایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەتایبەت و جەماوەری ئیسلامخوازو ئیصلاح خوازو دڵسۆزی گەل و وڵات بەتێكڕا ئەم هەڵبژاردنە ڕۆژی 10/10 بكەینە كەرنەڤاڵی بەرەو چاكسازی ڕاستەقینەو گۆڕانكاری ڕیشەیی و سەقامگیری سیاسی و ئابوری..
هیوادارم گشت هاوڵاتیان و دەنگدەرانی ئازیز بەگوڕو تینەوە بەرەو سندوقی هەڵبژاردن بڕۆن و دەنگ بەكەسانی شارەزاو بوێرو ئەمین بدەن.. شایەتی خۆتان بەئەمانەتەوە لەسەر كاندیدەكان بدەن و ویژدانتان ئاسودە بكەن..
خودای میهرەبان خەلًَك و خاكی نیشتیمان و وڵاتی عێراق و سەرجەم مرۆڤایەتی لەبەڵاو كێشەو گرفت و قەیران بپارێزێ..
والسلام علیكم ورحمە الله

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار