ئێران و تاڵیبان ڕێككەوتن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند:"لەگەڵ ئێراندا لەسەر کۆمەڵێک بابەت بۆ ئەنجامدانی ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، گەیشتوونەتە رێککەوتن".
ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، لە پێگەی خۆی لە تویتەر زەبیحوڵڵا موجاھید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان بڵاویکردەوە، کە لەگەڵ ئێراندا لەسەر کۆمەڵێک بابەت بۆ ئەنجامدانی ئاسانکاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، گەیشتوونەتە رێککەوتن.
وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتننامەکە لە 16 بەند پێکھاتووە و ئامانج لێی کۆتاییھێنان بووە بە کۆسپەکانی بەردەم بواری بازرگانی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، رێککەوتننامەکە بەندەکانی تایبەت بە زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارکردن لە دەروازەی سنووری ئیسلام قەلعە بۆ ھەشت کاتژمێر، فراوانکردنی رێگاکانی نێوان ئەفغانستان و ئێران، نوێکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە گومرگ و لێکۆڵینەوە لە گرفتەکانی نێوان ھەردوو وڵاتی تیادایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی تایبەت بە سوتەمەنی، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پشکنینی کۆرۆنا بۆ شۆفێرە ئەفغانییەکان، ئاسانکاری ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە تەندروستی و گەشتوگوزار لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان تاران و کابوڵ بوون.
رۆژی 15ی ئابی ئەمساڵ، بزوتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتە دەست و کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکرد و کۆتایی بە حوکمی ئەشرەف غەنی هێنا.
ئێران و ئەفغانستان 945 کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشیان ھەیە و تیایدا دەروازە سنوورییەکانی ئیسلام قەلعە، ئەبو نەسڕ فەراھی و زەرەنج لەنێوانیاندا هەن.
