نێچیرڤان بارزانی: ئهو سهردهمه بهسهرچوو قسه به پارتی بڵێیت و دهنگ كۆبكهیتهوه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سهرۆكی پارتی له بانگهشهی حزبهكهیدا له شاری سلێمانی رایگهیاند :"بهرد دهگیرێته بهرزهكان.. خهڵك هۆشیاره و ئهو سهردهمه بهسهرچوو قسه به پارتی بڵێیت و دهنگ كۆبكهیتهوه". دەڵێت:" پارتی سلێمانی لەبیر نەکردووە و ئەو دووانە پێکەوە سەردەکەون".
ئەمڕۆ چوارشهممه 6ی تشرینی یهكهمی 2021، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، "کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت."
لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و ئاماژەی بەوە دا، "بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی، "پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند:" له شۆڕشى گوڵاندا دهیان داستانى لهم ناوچهیه تۆماركراوه و یهكهم گولهى شۆڕشى گوڵان لهناوشارى سلێمانیهوه ئاراستهى دوژمن كراوه".
نێچیرڤان بارزانی لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەی رایگەیاند: "کاتێک کەدێمە سلێمانی و سلێمانی دەبینم زۆر دڵخۆش دەبم، چونکە بەڕاستی سلێمانیم خۆشدەوێ، سلێمانی شاری دایکمە، شاری باپیر و خزمەکانمانە، سلێمانیم خۆشدەوێت چونکە شاری ئەدەب و کوردایەتی و شاری هونەر و رۆشنبیرییە، شاری هەڵمەت و قوربانییە. بۆیە ئەو مافەم پێبدەم کە من نیوە سلێمانیم و نیوەی خەڵکی شارەکەتانم".
لە تەوەری قسەکانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوو و رایگەیاند، "ئێستا لایەنە عێراقییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ دژایەتی کوردستان ناکەن، چونکە دوای خۆپێشاندانەکانی تشرین خەڵکی عێراق تێگەیشت کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەیوەندی بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەیە لەلایەن ئەو حزبانەی کە دەسەڵاتیان لەو سنوورەدا هەیە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش وایە. ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە هیچ لایەنێک بیەوێت بە هێرشکردن و پەلاماردانی پارتی لەو ناوچەیە دەنگ کۆبکاتەوە."
لە سنووری سلێمانی ململانێیەکی تووند لە نێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ بردنەوەی 18 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی رابردوو کورسییەکی بردووەتەوەو چاوی لەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە یەک کورسی بباتەوە.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی پارزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانی کرد و وتی: "پارتی بە ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی لەو ناوچەیە تەماشای ئێوە ناکات، پارتی بە چاوی وەفاداری، دڵسۆزی و خەبات تەماشای ئێوە دەکات".
بۆ ئەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە 10-10-2021 بەڕێوەبچێت لە هەر بازنەیەک تەنیا یەک بەربژێری هەیە و چوار لە بەربژێرەکانی ژنن لە بازنەکانی یەک و دوو و سێ و چوار، بە هیوای ئەوەی کۆتای ژنان بەدەستبهێنێت. تەنیا لە بازنەی پێنج (گەرمیان) بەربژێری پارتی پیاوە.
لە سلێمانی 1.4 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەسەر پێنج بازنەدا دابەشکراوە، 63 بەربژێر رکابەری دەکەن کە 49 بەربژێریان سەر بە 10 حیزب و هاوپەیمانی سیاسین، لەگەڵ 14 بەربژێری سەربەخۆ.
