ئێران: نابێت هیچ چەکدارێکی دژ بە ئێمە لەهەرێمدا هەبن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی، لەبارەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، هۆشداریی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و رایگه‌یاند :" نابێت هیچ چەکدارێکی" دژبەر لە "ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا هەبێت" کە بیەوێ ئاسایشی سنورەکان تێکبدات".

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری باڵای سەربازیی رێبەری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاندووە: "ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی دژبەرانی شۆڕشی ئێران، تەنانەت پێش هێرشەکانی هێزی وشکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوەندەکانی کۆبوونەوەی ئەو گرووپانە لە هەرێمی کوردستان، بە فەرمی راگەیێندرا کە نابێت لەم ناوچانەدا دژبەرانی کۆماری ئیسلامی هەبن".

ساڵی 1995 سوپای پاسداران هێزێکی زۆر و تۆپخانەی هێنایە نزیک کۆیە و هێرشیکردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکرات، کە بە فڕینی فڕۆکەی هاوپەیمانان بەسەر هێزەکانی ئێراندا، کشایەوە. 

لە چەند ساڵی رابردووشدا سوپای پاسداران زۆر جار بنکەکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومانکردووە.

ئەمساڵیش هەڕەشەکان بەرپرسانی ئێران بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گوشارەکانیان بۆ عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردارکردنی جموجۆڵی ئەو حیزبانە چڕتر بووەتەوە.

یەحیا رەحیم سەفەوی، کە 10 ساڵ فەرماندەی سوپای پاسدارانیش بووە، هۆشداری بە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە کە "لەهەر شوێنێکی سنوورەکانی ئێراندا بن و حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە پەنایان بدەن و پێداویستی و چەکیان پێبدەن، بەرەنگاری گرووپە دژبەرەکان دەبنەوە".

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەیش رۆژی 04.10.2021 وتی: "ئارامگرتنی ستراتیژی" و هەڵسوکەوتی "ژیرانەی" ئێران "بەردەوام نابێت" و ئێران "تەحەمولی دەستدرێژی" بۆ سنوورەکانی نییە.

رۆژی 12-9-2021یش عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تاران، چالاکی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێگەی نیگەرانی لە قەڵەمدا و داوای "چەککردن و دەرکردنی بەپەلەی" ئەو حیزبانەی لە هەرێمی کوردستان کرد.

رۆژی 6.9.2021 ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شوێنانەی کە ئێران هەڕەشەی کردنە ئامانجیان دەکات، شوێنی ژیانی پەنابەرانی سیاسی و خەڵکی مەدەنین و سەتان ژن و منداڵی پەنابەر کە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەسەڵاتی ئێران خاک و وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، لێیان دەژین.

ناوەندەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، چالاکیی سیاسیی حیزبەکان و بوونی خەباتکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بیانوویەکە "کۆماری ئیسلامی بۆ کاولکاری و دەستێوەردانی زیاتر دەیگرێت و دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە دۆخی ناوچەکە و دانبەخۆداگرتنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاران، قەیرانێکی دیکە بخولقێنێت. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو هەڕەشانە کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری نابێت کە لە حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێکهاتووە".

ناوەندی هاوکاری داوا لە خەڵکی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، سنوورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئێران دابنێن و دژی ئەو هەڕەشەیە بوەستنەوە.

مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە بەرپەرچی هەڕەشەکەی ئێران بدەنەوە و رێگە نەدەن هێرش بکاتەسەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بە گوتەی مەولوودی، "نابەرپرسیاربوونی دەسەڵاتی ئێران لە بەرپرسیارێتیی ئەو لایەنانە بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەم ناکاتەوە".

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو دەیەیە چالاکی چەکدارییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگرتووە و دەڵێن، رەچاوی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و هێرش ناکەنە سەر هێزە سەربازییەکانی ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار