كۆچكردنی ئێزیدییەكان بۆ هەندەران دەستی پێكردووەتەوە
زیاتر لەسەد ئێزیدی لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە هەوڵی گەشتن بەئەوروپا دەدەن
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
ئێزیدییەكان ماوەی چەند مانگێكە كۆچكردنیان بۆ گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا دەستی پێكردووەتەوەو لەماوەی دوو مانگدا زیاتر لەسەد ئێزیدیی لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە هەوڵی گەشتن بۆ ئەوروپا دەدەن.
ئاماری ئەو ئێزدییانەی كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات بەرز دەبێتەوە و لەنوێترین ئاماریشدا تەنها لە دوو مانگی رابردوو 100 ئێزیدی كۆچیان كردووە ، ئەمە لەكاتێدایە لە 2014 تائێستا ژمارەكە گەیشتووەتە سەرووی سەد هەزار كەس .
لەدوای رووداوەكانی داگیركردنی شەنگال لەلایەن داعشەوە، ئێزیدیەكان بوون بەچەند بەشێكەوە، بەشێكیان خۆیان گەیاندە هەرێمی كوردستان و بەشێكی لەشاخی شەنگال مانەوەو بەشێكیشیان بوونە قوربانی دەستی داعش، ئەوانەی خۆیان گەیاندە هەرێم زۆربەیان روویان لەوڵاتانی ئەوروپا كردووە.
ڤینۆس حەسەن، تەمەن 29 ساڵ لەگەڵ خوشكەكەی سێ مانگ پێش ئێستا كۆچیان كردووەو بە هاوڵاتی وت: « لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لەگەڵ قاچاغچیەك رێككەوتین تا ئێمە بگوازێتەوە بۆ لیتوانیا و دواتر بچینە ئەوروپا، سەرەتا چووینە بەغدا دوای دوو رۆژ بەفرۆكە گەیشتینە بیلاڕوسیا، سێ رۆژ لەوێ بووین و رۆژی 5ی حوزەیران بە ئۆتۆمبێل چووینە سنوری لیتوانیا «.
ڤینۆس باسی لەوەشكرد دوای گەیشتنیان بە لیتوانیا لەوێوە ناچاربووین دابەزین و بەدارستانێكدا بەناو خاكی لیتوانیا رۆیشتوون، لەنزیك گوندێكی ئەو وڵاتە پۆلیس دەستگیریان كردوون، وتیشی:» ئێستا لەكەمپێكی ئەو وڵاتەدا دەژین، رۆژانە خواردنێكی زۆر كەممان پێدەدەن، زۆر جار سەرمامان دەبێت ، لەو كەمپەی ئێمە 300 كۆچبەری عێراق و وڵاتانی تر هەن، لەم ژمارەیە نزیكەی 80 كەسیان ئێزیدین».
ئەو كچە ئێزیدییە ئاماژەی بەوەشكرد لەكەمپ لەپارێزگای دهۆك هەلی كار نەبووە، بێزاربوون لەژیانی ئاوارەیی و هیچ هیوایەك نەبووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شەنگال»بەناچارییەوە رێگای مەرگمان هەڵبژاردوە، هیچ كەسێك ئەم رێگایەی پێ خۆش نیە، بەڵام بەتەواوی بێ هیوابووین هیچ رێگای ترمان نەبینی جگە لەكۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات».
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند ژمارەی ئەو عێراقییانەی لە لیتوانیا گیریانخواردوە 275 كەسن، كە 14 خێزانیشیان تێدایە ، كە لەنێویاندا خەڵكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لە 29 كەمپدان و دەیانەوێت خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رۆژنامەی هاوڵاتی كەوتوون تەنها لە دوو مانگی رابردوو زیاتر لە 100 گەنجی ئێزیدی لەسنوری پارێزگای دهۆك روویان لەدەرەوە كردووە كە ئێستا بەشێكیان لەوڵاتی لیتوانیا و بیلاڕوسیا لەناو هەندێك كەمپدا دەژین .
بەرێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال ئاماژە بەوە دەدات كۆچكردنی ئێزیدییەكان رۆژ بەرۆژ لە زیادبووندایە.
لوقمان حسێن، بەڕێوەبەری رێكخراوی هوارس لە شەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « كۆچكردن لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە كە نەبوونی هەلی كارو دامەزراندن و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی شەنگال بەتایبەت لە رووی ئیداری و خزمەتگوزاری وایكردووە گەنجەكانیان روو لە ئەوروپا بكەن».
حەوت ساڵ بەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزدییەكان تێپەڕی كە تائێستا 75%ی ئێزیدیەكانی شەنگال نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
لوقمان حسێن وتیشی:» هەموو كەسێك حەزدەكات لەسەر خاكی خۆی بژی، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی سەقامگیر نەبێت هیچ داهاتوویەكیان نەبێت ناچاردەبن ماڵ و خزم و كەسو كاری خۆیان بەجێبهێڵن و روو لەدەرەوەی وڵات بكەن».
بەپێی لێكوڵینەوەی رێكخراوی هوارس لەشەنگال ئەو كەسانەی كۆچ دەكەن تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە و گەنجان لەم تەمەنە بە بڕبڕەی پشتی كۆمەڵگا دادەنرێن.
«هەركەسێك حەوت ساڵ لەژێر خێوەتێكدا بژێت و هیچ كارێكی دەستنەكەوێت بەدڵنیاییەوە بیر لەكۆچكردن دەكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كۆچكردن لەناو ئێزدییەكان پێویستە حكومەت كۆمەڵێك هەلی كاریان بۆ دابین بكات»، لوقمان حسێن وا دەڵێت.
بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی جەخت لە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدیی دەكاتەوە بۆ گەیشتنیان بەوڵاتانی ئەوروپا.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزدییەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، هێمای بۆ ئەوەكرد لە 2014 تا 2021 زیاتر لەسەد هەزار ئێزیدی كۆچیان كردوە بۆ دەرەوەی وڵات، وتیشی:» بەدڵنیاییەوە كۆچكردنی گەنجانی ئێزیدی رۆژ بەڕۆژ روو لە زیادبوونە، بەڵام هیچ ئامارێكی راست و ورد لای ئێمە نیە چونكە بەشێكی زۆریان بە رێگای قاچاغ روو لەدەرەوە دەكەن».
«خەڵك وا دەڕوات ژیانی دەرەوە هەرچۆنێك بێت پێیان خۆشترو باشترە لەژیانی كەمپ، هیچ كەسێك ناتوانیت رێ لەئاوارەكان بگرێت تا كۆچ نەكەن»، خەیری بۆزانی وای وت.