دوانزە وڵاتی جیهان: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە سەروەریی یاسا و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن بگرن 

"ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دەرفەتێکە بۆ دەنگدەرانی عێراق تاوەکو بەشێوەیەکی دیموکراسی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن"

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتی

دوانزە وڵاتی جیهان ڕاگەیاندراوێكی هاوبەش لەبارەی هەڵبژاردنی عێراقەوە بڵاودەكەنەوە و پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن و رایانگه‌یاند :" داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە سەروەریی یاسا و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن بگرن".

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، حکومەتەکانی ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فنلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج، سوێد و بەریتانیا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی رۆژی 10ی ئەم مانگەی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "وەزیرانی دەرەوەی ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فنلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج، سوێد، بەریتانیا و ئەمریکا پێشوازی لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی رۆژی 10ی ئۆکتۆبەر دەکەن. ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە دەرفەتێکە بۆ دەنگدەرانی عێراق تاوەکو بەشێوەیەکی دیموکراسی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن". 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە گرنگیی ئەم چرکەساتە لە مێژووی عێراقدا تێدەگەین. لە وەڵامی داواکارییەکانی گەلی عێراقیش"، بڕێکی زۆر پێداویستی بۆ پاڵپشتیکردن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و خاوێن لەو وڵاتە دابینکرا. 

راگەیێندراوە هاوبەشەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئایاری 2020دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەرکی یونامی بۆ پاڵپشتیکردنی لە هەڵبژاردنی عێراق کاراتر کرد و وەک ئەنجامی ئەوەش، ئەو ئەرکەی یونامی گەورەترینی لەو جۆرەیە لە جیهاندا و پێنج بەرامبەری ئەرکەکەی یونامییە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2018. 

حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەڵێن، لە کۆتایی ساڵی 2020دا عێراقییەکان پاڵپشتییان لەو بیرۆکەیە کرد، کە چاودێریی نێودەوڵەتی بۆ رەوایەتیی هەڵبژاردنەکەی عێراق پێویستە. لەسەر ئەو بنچینەیە، حکومەتی عێراق داواکارییەکی پێشکێشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد. رۆژی 27ی ئایاری 2021، ئەنجوومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیاری 2576ی پەسندکرد و بەو جۆرەش ئەرکی چاودێری بە تیمێکی چاودێریی هەڵبژاردنی سەر بە یونامی بەخشی. رۆژی 21ی حوزەیرانی 2021، یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، کە تیمێکی تایبەت لە چاودێرانی لە عێراق دەبن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە و ئەوانیش پسپۆڕن لە وڵاتانی جیاوازی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپاوە دەچن. ئێستاش چاودێری هەردوو لایەنی ئاماژەپێکراو لە عێراقن و ئەم هەوڵانەش ئاماژەن بە ویستی پاکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی عێراقییەکان و بەهێزکردنی بێگەردی هەڵبژاردنەکە. 

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێستا گەلی عێراق دەرفەتی ئەوەی لە بەردەمدایە کە مافی بنچینەیی خۆی بۆ دەنگدان پراکتیزە بکات. ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی سەلامەت، ئازاد و خاوێن بۆ هەموو عێراقییەکان بڕەخسێندرێت، لەوانەش بۆ گەنج و ژنانی وڵات کە ماوەیەکی زۆرە داوای چاکسازی دەکەن و لەو رێگەیەشدا رووبەڕووی تووندوتیژی و چاوسوورکردنەوە بوونەتەوە. ئێمە هەروەها پاڵپشتی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی خەڵکی ئاوارە دەتوانن لە کەشێکی ئارامدا بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە رێز لە سەروەریی یاسا و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە بگرن". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار