بافڵ تاڵهبانی: پاڵپشتی ئێزدییهكان دەبم بە قەرەبوکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شنگال

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵهبانی، هاوسهرۆكی یهكێتی رایگهیاند:" پاڵپشتی خۆم بۆ داواکاری و خواستی ئێزدییهكان دووپات دەکەمهوه بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2021، بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی جەمای ئێزیدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "وەک یەکێتی پاڵپشتی خۆمان بۆ داواکاری و خواستی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان".
دهشڵێت: "یەکێتی داکۆکیکاریش دەبێت بۆ پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی ئاینی ئێزدییەکان، کە نموونەیەکە لە جوانی وێنا گەورەکەی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ھەموو ئاین، نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان. ھەر شادبن و لە جەژن و خۆشیدابن".
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
خوشک و برا ئێزدییەکان لە ھەرێمی کوردستان، عیراق و جیھان، بەبۆنەی ھاتنەوەی (جەژنی جەما) گەرمترین پیرۆزبایتان لێدەکەم، ھیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و شادیتان و لەکەشێکی ئارام و پڕ ئاسایشدا رۆژانی جەژن بەڕێبکەن.
ئەم بۆنەیەش ھەنگاوێک بێت بۆ سارێژبوونی برینی کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی خۆمان بۆ داواکاری و خواستی خوشک و برایانی ئێزدی دووپات دەکەینەوە بە قەرەبووکردنەوە و ئاساییکردنەوەی ژیان لە شەنگال و سۆراغکردنی بێسەروشوێنان و بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش کە دەرحەق بە ئێزدییەکان ئەنجامیاندا.
یەکێتی داکۆکیکاریش دەبێت بۆ پاراستنی کەلتوور و رەسەنایەتی ئاینی ئێزدییەکان، کە نموونەیەکە لە جوانی وێنا گەورەکەی ھەرێمی کوردستان، بۆ یەکترقبوڵکردن و پێکەوەژیانی ھەموو ئاین، نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکان. ھەر شادبن و لە جەژن و خۆشیدابن.
بافڵ تاڵهبانی، هاوسهرۆكی یهكێتی
